ئەمریکا هەوڵی یەکخستنی کوردی رۆژئاڤای کوردستان دەدات

04-05-2020
سیروان عەباس
نیشانەکردن سووریا هەسەدە رۆژئاڤای کوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەرپرسانی ئەمریکا بە سیاسەتڤانانی رۆژئاڤای کوردستانیان راگەیاندووە سووریا لە بەردەم گۆڕانکاریدایە و پێویستە کورد بۆ ئەو گۆڕانکارییە ئامادەبن و یەکدەنگ بن. سیاسەتڤانێکی کوردیش دەڵێت دوای یەکخستنی کورد، ئەمریکا لە پلانیدایە کورد و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە یەکدی نزیکبکاتەوە.

رۆژی 26-4-2020 ویلیام رۆباک، باڵیۆزی ئەمریکا و یاریدەدەرەکەی لە سووریا بە جیا لەگەڵ هەشت پارتی کوردی رۆژئاڤای کوردستان کۆبوونەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ یەکخستنی ریزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بووە.

بەرنامەی "چاڤێ سێیەم"ی رادیۆی رووداو، تایبەت بوو بە نێوەڕۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەمریکا و لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ لێک نزیکبوونەوە.

محەممەد مووسا، سکرتێری پارتی چەپی کورد لە سووریا لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەکەدا گوتی: "ئێستا سووریا لەژێر هەژموونی سێ لایەندایە، (ئەمریکا، ئێران-رووسیا و تورکیا)، ورووژاندنی پرسی کشانەوە لە سووریا لەلایەن ئەمریکاوە لە رابردوودا ناجێگیرییەکی دروستکرد، ئێستاش کە هەوڵی لێکنزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان دەدات، بە دڵنیاییەوە پلانێکی تایبەتی هەیە."

محەممەد مووسا باسی پلانی داهاتووی ئەمریکای لە سووریا کرد و گوتی: "هەرگیز لەو باوەڕەدا نیم ئەمریکا، سووریا جێبهێڵێت و مەیدانەکە بۆ وڵاتانی دیکە چۆڵبکات، چونکە بەرژەوەندییەکی زۆری لەناوچەکەدا هەیە. ئەمریکا دەیەوێ بە پرۆژەیەکی باشتر و بەهێزتر دەستپێبکاتەوە، بەجۆرێک لەدوای یەکخستنی لایەنە کوردییەکان، کورد و ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش لێک نزیک بکاتەوە، بۆ ئەوەی دۆخی سووریا چارەسەر بکات، ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە کە ئەمریکا ئەمجارە زۆر جیددییە. هەروەها بە روونی پێیگوتووین کە سووریا لەبەردەم گۆڕانکاریداوە و دەبێ کورد لەم کاتەدا یەکبن، ئەوان دەزانن حاڵی کورد چۆنە و دەیان حیزبی هەیە".

بەگوتەی ئەو سیاسەتڤانەی کورد، ئێستا جگە لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنساش هاتوونەتە سەر هێڵ، دەبێ بەرلەوەی زلهێزەکان دەستێوەردان بکەن کورد خۆی یەکلایی بکاتەوە و بەرچاوی روونبێت.

سکرتێری پارتی چەپی کورد ئاماژەی بەوەشکرد، باشترین کار ئەوەیە کە لایەنە کوردییەکان خۆیان یەکبخەنەوە و کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ببەستن، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی سووریا و رۆژئاوای کوردستان رۆڵی بەرچاویان هەبێت و کاریگەربن.

ساڵح گەدۆ، سکرتێری پارتی چەپی دیموکراتی سووریا بەشداری لە بەرنامەی چاڤێ سێیەمدا کرد و گوتی: "ئەمریکا هەمیشە بەدوای بەرژەوەندیی خۆیدا دەگەڕێت، مادام هەوڵی لێکنزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان دەدات، بێگومان سەرگرتنی ئەم هەوڵە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا دەبێت، هاوکات سوودی بۆ پرسی کوردیش دەبێت".

گەدۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا پلانی تایبەتی بۆ سووریا هەیە، یەکخستنی لایەنە کوردییەکانیش هەنگاوی یەکەمی ئەم پلانەیە، مادام بەشێکی پرۆژەکە یەکخستنی کوردە ئەمە هەلێکی باشە بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینین".

گەدۆ هەروەها گوتی: "ئێمە بە راشکاوی بە ئەمریکامان گوت ئێوە ئەگەر بتانەوێ هەنگاوی باش بنێن، دەبێ نێوان پارتە سیاسییە کوردییەکان باشتربکەن، ناکۆکییەکە تەنیا لەنێوان پەیەدە و ئەنەکەسە زیاترە، بەڵام تەنیا ئەوان ناکۆک نین، بەڵکو چەندین لایەن هەن و دەبێ هەمووان ببنە یەک".

ساڵح گەدۆ دژایەتی هەندێ لە سیاسییەکانی بۆ ئەو پلانە نەشاردەوە و گوتی: "هەندێ سیاسیی هەن بەرژوەندییان لەگەڵ ئاشتەوایی نێوان حیزبە کوردییەکان نییە و هەوڵی تێکدانی دۆخەکە دەدەن، بەڵام گەل بە تێکڕا لەگەڵ ئەم هەنگاوەدایە و داوای یەکڕیزیمان لێدەکەن و رۆژ بە رۆژ چاودێریمان دەکەن، حیزبەکانیش ئەوە دەزانن و تێگەیشتوون کە گەل چی لێیان دەوێت. ئێستا کورد لە سووریا بووەتە ژمارەیەک کە کەس ناتوانێ نادیدەی بگرێ".

هەر لە بەرنامەکەدا کۆڤان کەنعۆ، سکرتێری پارتی رۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا گوتی: "داوامانکردووە مافی کورد لە دەستووری سووریادا جێگیربکرێت یان بە گوێرەی بڕیاری 2254 ی 2015 کێشەکان چارەسەر بکرێن، ئەمریکاش بە راشکاوی پێی گوتووین: ناهێڵین هیچ هێزێکی سەربازی لە دەرەوەی هەسەدە لە رۆژهەڵاتی فورات و رۆژئاوای کوردستان پێکبهێنرێت، ئێمەش هەموو مامەڵەیەکمان لەگەڵ هەسەدە دەبێت."

سکرتێری پارتی رۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا باسی رۆڵی سەرکردە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کرد و گوتی: "ئێمە زۆر دڵخۆشین بەوەی کە سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گرنگی بە پرسی رۆژئاوای کوردستان دەدەن و هاوئاهەنگن بۆ لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە