رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو رایگەیاند، کاریگەر بووە بەو چیرۆکانەی لەبارەی ئەو ئازارە زۆرەی خەڵکەوە گوێی لێیبوو لە کامپی هۆل و هەموو وڵاتێکیش بەرپەرسیارێتیی ئەوەی لەسەر شانە کە هاووڵاتیانی خۆی بگەڕێنێتەوە. دەشڵێت: "کەمپی هۆل بۆمبێکی چێنراوە."
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوو رۆژدا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد، رۆژی پێنجشەممە گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. پاشانیش کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیاری مەجید نیزامەدین گلی، ئیدیتۆری دیپلۆماسیی رووداو لە نیویۆرک لەبارەی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهۆی گرژییەکانی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا عێراق و هەرێمی کوردستانیان بیرچووەتەوە کە هێشتا پێویستیان بە هاریکاریی مرۆیی و پاڵپشتی هەیە، "ئایا ئێوە هێشتا بیرتان لەلای کێشەکانی ئەم ناوچەیە ماوە؟" رایگەیاند، "من لێرەم لە عێراق، واتە ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت لەبەرچاو دەگرین؛ ئەمە سەرچاوەی هیوایە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت هۆکارێک بێت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کە هاوکاری و پاڵپشتی حکومەت و خەڵکی عێراق و خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن."
گۆتێرێز ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان "بە هیچ جۆرێک ناتوانن چاوپۆشی لەو کێشانە بکەن کە لە جیهاندا رووبەڕوویان دەبێتەوە. "خەڵکی ئۆکراینا و هەموو جیهانیش بەهۆی داگیرکاریی رووسیاوە لە ئۆکراینا ئازار دەچێژن."
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێش ئەوەی بگاتە هەولێر، سەردانی کەمپی جەدعەی کرد لە سنووری نەینەوا؛ پرسیارێکی دیکەی رووداو لەبارەی دۆخی کامپەکان و ئەزموونی گۆتێرێز بوو لەوەی لەکاتی سەردانی بۆ کامپەکان ئەو رایگەیاند، "کاریگەربووم بەو چیرۆکانەی لەبارەی ئەو ئازارە زۆرەی خەڵکەوە گوێم لێی بوو لە هۆل. پێموایە هەموو وڵاتێک بەرپرسیارێتی لەسەرشانە کە هاووڵاتیانی خۆی بگەڕێنێتەوە. ئەمەم چەندین جار گوتووەتەوە ئەمڕۆش دەیڵێمەوە لەبەردەم کامێراکاندا. کەمپی هۆل بۆمبێکی چێنراوە. هەموو وڵاتان دەبێت شوێنپێی عێراق هەڵبگرن؛ عێراق هاووڵاتیانی خۆی وەردەگرێتەوە و پلانێک جێبەجێ دەکات بۆ تێکەڵکردنەوەی ئەو خەڵکە بۆ نێو کۆمەڵگە. منیش خۆم بینیومە کە زۆر هەوڵدەدەن بچنەوە نێو کۆمەڵگەی عێراق، بۆیە زۆر گرنگە کە نموونەی عێراق لە هەموو شوێنێکەوە چاوی لێبکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ