رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا چوونە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا کۆبوونەوە.
دیپلۆماتەکەی فەرەنسا چووە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی کە 13 ساڵ بوو داخرابوو؛ لە کۆبوونەوەیشیدا لەگەڵ 12 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، جەختی لەوە کردەوە کە کورد هاوپەیمانی پاریسە.
ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، "سووریایەکی سەروەر و ئارام چیدیکە جێگە بە شەڕ و پێکدادان نادات. لەبەر ئەوە، پێویستە چەکەکان لە باکووری وڵات بێدەنگ بن. پێویستە چارەسەرێکی سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا، کە کوردن، بدۆزرێتەوە؛ تاوەکو بە تەواوی لەم پرۆسە سیاسییەدا کە ئێستا دەستپێدەکات، بەشداربن."
فەرەنسا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە. لە ساڵی 2014وە پاڵپشتیکارێکی گەورەی ئەو قەوارەیە کە لە رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی دیکەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دامەزراوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، "سووریایەکی سەروەر و ئارام، جێگە بە تیرۆریزمی ئیسلامی نادات. تیرۆریزم لێی دان، تیرۆریزم لە ئێمەشی دا لە شوێنی خۆماندا. لەبەر ئەوە شان بە شان، بەتایبەتی لەگەڵ کوردەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، دژی تیرۆری ئیسلامی شەڕمان کرد. لە 31ی مانگی 12یش، واتە پێش چەند رۆژێک، لە بنکەیەکی داعشمان دا."
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش لەبارەی سەردانەکە لە ئێکس نووسی، "سەردانەکەی ئەمڕۆم بۆ سووریا لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەم، بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا، ئاماژەیەکی روونی هەیە: ئەگەری دەستپێکی سیاسیی نوێ لەنێوان ئەورووپا و سووریا، لەنێوان ئەڵمانیا و سووریا هەیە."
لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سووریا لە 2011 بۆ 2024، ئەڵمانیا دوو ملیار دۆلاری وەکو یارمەتیی مرۆیی بۆ لێقەوماوانی سووریا بەخشی. فەرەنساش 1.2 ملیار دۆلار هاوکاریی مرۆیی و 13.3 ملیار دۆلار هاوکاریی فریاگوزاریی بوومەلەرزەکەی ساڵی 2023ی نارد، کە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان زۆرترین زیانی لەنێو سووریا بەرکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ