سووریا
وتەبێژی هەسەدە: سەقامگیری لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پێویستی بە هەردوو وڵاتی دابینکەری ئاگربەستە
رووداو- هەولێر
گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیێنێت، هێزەکانی هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکانی جزیرە و دێرەزوور بڵاوبوونەتەوە و سەقامگیریی جزیرە و دێرەزوور دابیندەکەن.
کینۆ گابریل، گوتەبێژی هەسەدە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە "هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکانی جزیرە (حەسەکە، قامشلۆ و دێرک) و دێرەزوور بڵاوبوونەتەوە. لە کاری هاوبەش بەردەوامدەبن بۆ راوەدوونانی شانە نووستوەکانی داعش، فەراهەمکردنی ئاسایش، سەقامگیری و پاراستنی دانیشتووانی ناوچەکە لە گرووپە تیرۆریستییەکان و پاراستنی هەموو کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە ناوچەی ئاماژەپێکراو".
گوتەبێژی هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات، سەقامگیری لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پێویستی بە هەردوو وڵاتی دابینکەری ئاگربەستە تاوەکو کاربکەن بۆئەوەی ئاگربەستێکی گشتگیر بەرقەراربێت و رێگەی نێودەوڵەتیی M4 بە رووی هاتووچۆی خەڵکی سڤیلدا بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ