هەسەدە لە گفتوگۆدایە بۆ کشانەوە لە حەلەب

02-12-2024
سیروان عەباس
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گفتوگۆدایە لەبارەی کشانەوەی لە دوو گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەب.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەسەدە لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی کوردنشینی حەلەب بکشێتەوە، بەڵام کشانەوەکە لە ژێر چاودێریی هێزەکانی ئەمریکادا بێت.
 
لە رۆژی 27ی 10ی 2024ـەوە، دەستەی تەحریری شام هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر شاری حەلەب و رۆژی هەینی رابردوو کۆنترۆڵکردنی تەواوی شارەکەی راگەیاند.
 
بەڵام گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، تاوەکو ئێستاش (02.12.2024) لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە دایە.
 
1ی کانوونى یەکەمى 2024، بەڕێوەبەرایەتى ئۆپەراسیۆنى سەربازی سەر بە دەستەى تەحریرى شام پەیامێکى ئاراستەى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) کرد.
 
لە پەیامەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان شەڕ لە دژى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد دەکەن و گرووپە چەکدارە ئێرانییەکان لە شار و گوندەکانیان دوور دەخەنەوە. پێشنیازى ئەوە بۆ هەسەدە دەکات کە بە چەکەکانیانەوە لە شارى حەلەب دەربچن و بەشێوەیەکى پارێزراو بەرەو باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بچن.
 
لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس، فەرهاد شامى، گوتەبێژى هەسەدە رایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باس لەوە دەکەن قایل بووین بە کشانەوە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە