رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بە فەرمى داوا لە بزووتنەوەى گۆڕان دەکات لە ماوەى یاسایی خۆیدا کۆنگرە ببەستێت، ئەگەر نا رێوشوێنى یاسایی لە دژیان دەگرنەبەر.
بە گوێرەى نووسراوێک کە فەرمانگەى کاروبارى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بەکۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە 30ـی کانوونى یەکەم بۆ بزووتنەوەى گۆڕانى ناردووە، ئاماژەى بەوەداوە، بەهۆى ئەوەى لە دواى تۆمارکردنى پارتەکەیانەوە لەو فەرمانگەیە، کۆنگرەى گشتییان نەکردووە، داوایان لێدەکات ئەو کۆنگرەیە بە گوێرەى ماوەى یاسایى ببەستن.
یاساى پارتە سیاسییەکانى عێراق، دەسەڵاتى بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان داوە چاودێر بۆ ئەنجامدانى کۆنگرەى پارتەکان دابنێت لەسەر بنەماى پەیڕەوى نێوخۆ ئەو پارتانە.
کۆمیسیۆن لە نووسراوەکەی دا بۆ بزووتنەوەى گۆڕان ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر لەو ماوە یاساییەى دیاریکراوە کۆنگرەى گشتى نەکەن، رێوشوێنى یاسایی لە دژیان دەگیرێتەبەر و داواشی لێکردوون کە هەندێک گۆڕانکارى لە پەیڕەوى ناوخۆیاندا بکەن کە هاوتا بێت لەگەڵ یاساى پارتە سیاسییەکانى عێراق.
19ـی ئەیلوولی 2024، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی پێشووى بزووتنەوەی گۆڕان، بریکارنامەی گشتیی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کردووە بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە.
ئەو هەنگاوە لەسەر داواى کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بووە کە بەستنی کۆنگرەی کردە مەرج بۆ بەشداریکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بزووتنەوەکە کۆنگرەی نەکرد.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بزووتنەوەى گۆڕان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بڕیارە لە نێوان یەک بۆ 15ـی شووباتى 2025، کۆنفرانسى گشتیى بزووتنەوەکە ببەسترێت و رەشنووسی دەستوورى نوێیان ئاراستەى کۆمیسیۆن کردووە بۆ ئەوەى تێبینى خۆیانى لەسەر بدەن، بەر لەوەى لەو کۆنفرانسە پەسند بکرێت.
چۆمان محەممەد، ئەندامى جڤاتى نیشتمانیى بزوتنەوەى گۆڕان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: دواى سەرى ساڵ، دەست بە کۆبوونەوە و ئامادەکارییەکان دەکرێت بۆ بەستنى کۆنگرە، بەڵام تاوەکو ئێستا رۆژێک دیاری نەکراوە بۆ بەستنى.
بە گوێرەى زانیاییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیى دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان، رەشنووسى ئەو دەستوورەى نووسیوە و چەند گۆڕانکارییەک لە پەیکەرى رێکخراوەیی بزووتنەوەکە کراوە.
چۆمان محەممەد گوتی: "ناوەڕۆکى دەستوورى بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ یاسای پارتە سیاسییەکانى عێراق دەگونجێندرێت و لە ناو کۆنفرانس دەنگى لەسەر دەدرێت".
بەپێى رەشنووسى دەستوورە نوێیەکە، جڤاتى نیشتمانى دەگۆڕێت بۆ ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و ژمارەى ئەندامانى لە 53 کەسەوە کەم دەکرێتەوە بۆ 25 کەس، هەرچى جڤاتى گشتییە، دەکرێتە ئەنجوومەنى راوێژکارى و نابێت ژمارەى ئەندامانیان لە 25 کەس تێپەڕ بێت، رێکخەرى گشتى بەدەنگى ئەندامانى کۆنفرانس هەڵدەبژێردرێت.
لە گۆڕانکارییەکانى دیکە کە لە رەشنووسى دەستوورە نوێکەى گۆڕان کراوە، ئەوەیە ژوورەکانى ئەو بزووتنەوەیە لە 13 ژورەوە کەم دەکرێنەوە بۆ پێنج ژوور، مەکۆکانیشى لە 27ـەوە دەکرێنە نۆ مەکۆ.
کاتی کۆنگرەى بزووتنەوەی گۆڕان کە خۆیان بەکۆنفرانسى نیشتیمانى ناوی دەبەن دواکەوتووە، 9ـی ئەیلوولی 2024، دەستەى سەرۆکایەتیی، جڤاتى گشتی هەڵبژارد، کە پێکدێن لە: سەرۆک، جێگر و سکرتێرى جڤاتى گشتیی بزووتنەوەکە.
بەپێی دەستووری نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن سێ ساڵ جارێک دەبێت و ئەوان دەتوانن تەنیا بۆ دوو خول خۆیان بەربژێر بکەن.
بزووتنەوەى گۆڕان لەساڵى 2009 دامەزراوە، دانا ئەحمەد مەجید سێیەم رێکخەرى گشتى بزووتنەوەکەیە لە دواى هەریەک لە نەوشیروان مستەفا و عومەرى سەید عەلى رێکخەرانى پێشووى بزووتنەوەى گۆڕان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ