لە عێراق بەراورد بە ساڵی رابردوو داهات زیادی کردووە و و هەژارییش زۆرتر بووە

31-10-2022
هێمن بابان رەحیم
کچێکی عێراقی لەسەر زبڵخانەیەک بەدوای بژێویدا دەگەڕێت
کچێکی عێراقی لەسەر زبڵخانەیەک بەدوای بژێویدا دەگەڕێت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عێراق گەندەڵی بووەتە بەڵای سەری، بەهۆیەوە بووەتە یەکێک لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە سەرەڕای زیادبوونی داهاتی، هەژاری و بێکاریشی زیاتر دەبێت.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمساڵ وڵاتەکە نزیکەی دوو هێندەی ساڵی رابردوو داهاتی نەوتی دەستخستووە، بەڵام وەزارەتی پلاندانان دەڵێت، 11 ملیۆن و 400 هەزار هەژار هەن کە نزیکەی 30%ی کۆی دانیشتووانەکەیەتی.
 
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ساڵی رابردوو 52 ملیار دۆلار چووەتە نێو خەزێنەی عێراقەوە، بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە 90 ملیار دۆلار چووەتە نێو خەزێنەی عێراق، بەڵام ئەگەر بەراوردی رێژەی هەژاری لەو دوو ساڵەدا بکەین، دەردەکەوێت کە سەرەڕای ئەوەی ئەمسا لەناو خەزێنەی عێراق پارەی زیاتر هەیە کە نزیکەی 95 ملیار دۆلارە، بەڵام رێژەی هەژاری بەرەو زیادبوونە و هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە، لەجیاتی ئەوەی هەژاری کەم ببێتەوە، کەچی زیادیکردووە."
 
نزیکەی 95%ی کۆی داهاتی عێراق لە رێگەی نەوتەوە بەدەستدێت. پارێزگای بەسرە نزیکەی 75%ی داهاتی نەوتی دەخاتە گەنجینەی وڵاتەوە، بەڵام زۆرجار دانیشتووانەکەی لەبەر کەمیی خزمەتگوزاری دەچنە سەر شەقام و ناڕەزایی دەردەبڕن.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "زیادبوونی داهات دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی، ئەوانیش زیادبوونی بەهای گاز و زیادبوونی بڕی گازە، بەڵام لە هەمان کاتدا رێژەی هەژاری زیادبووە و ئەوەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، ئەوانیش نەبوونی بودجەی عێراقە یاخود ئەگەر بودجە خەرجبکرێت زۆربەی گەندەڵیی تێدا دەکرێت."
 
بەپێی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 90 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی بەدەستهێناوە، هەمان ماوەی ساڵی رابردوو داهات 50 ملیار و 98 ملیۆن دۆلار بووە.
 
تەها دیفاعی، ئەندامی پێشووی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە ساڵی 2003وە 300 بۆ 350 ملیار دۆلاری عێراق دزراوە و براوەتە دەرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە