سوودانی 13 هەزار خێزانی ئاوارە دەگەڕێنێتەوە سەعدییە

31-08-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن ئاوارە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی گەڕاندنەوەی 13 هەزار خێزانی ئاوارەی ناحیەی سەعدییەی سەر بە قەزای خانەقین لە سنووری پارێزگای دیالە، داوایەک لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەکات و ماوەی 20 رۆژیش مۆڵەتیان پێدەدات.
 
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی 9ـی ئابی 2023 نووسراوی فەرمیی بۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کردووە لەبارەی ئاوارەکانی ناوچەی سەعدیە، لە نووسراوەکەدا کە ئەمڕۆ دزەیکردووەتە نێو میدیاکان، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پابەند دەکات بە پێشکێشکردنی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی گەڕاندنەوەی 13 هەزار خێزانی ناوچەی سەعدیە لە پارێزگای دیالە، بەوپێیەی ئەوانە وردبینی ئەمنیان بۆ کراوە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگای دیالە و داوا دەکات 20 رۆژ تێپەڕ نەکات وەڵامیان بدرێتەوە.  
 
عەلی عەباس، بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ (31ـی ئابی 2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان پێگەیشتووە، ئەوانیش رەوانەی لقی دیالەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانیان کردووە تاوەکو لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی خۆیان بکەن. 
 
عەلی عەباس، کە هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانە دەڵێت "چاوەڕێی وەڵامی لقی دیالەمان دەکەین، هێشتا لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی لقی دیالەمان تەواو نەبووە، هەرکاتێکدا تەواوبوو، ئێمەش بە فەرمی وەڵامی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەدەینەوە". 
 
رۆژی 10ی ئایاری 2023 عەباس فریداوی، ئەندامی لیژنەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی دیالە رایگەیاند، دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان تەواو بووە و  داخراوە، تەنیا ئەو گوندانە نەبێت کە تێکدراون و گەڕانەوەی خەڵکەکەی ئەستەمە. ئەندامەکەی لیژنەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی دیالە راشیگەیاند، خەڵکی گوندەکانی سعەدیە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.  

 

 

 

 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە