یەحیا رەسووڵ: ئەو فڕۆکەیەى بۆردوومانى بابلى کردووە، لە دەرەوە نێردراوە

31-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق رایگەیاند، هێزەکانى هاوپەیمانان بە فڕۆکە لە دەرەوەى سنوور هاتوون، بۆردوومانى چەند پێگەیەکى ئەمنییان لە بابل کردووە، "ئەو جۆرە هێرشانە ئەگەری هەیە کارى ئەمنى هاوبەش بۆ شەڕکردن لە دژى داعش لە عێراق و سووریا پەکبخات."
 
لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق رایگەیاند، سەرەڕاى هەموو هەوڵەکان لە رێگەى کەناڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانەوە لەگەڵ هەوڵى لیژنەى باڵاى تەکنیکیى سەربازیی نێوانیان، کە گەیشتوون بە ئاستێکی باش بۆ کۆتاییهێنان بە بوون و کارى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژی داعش، ئەو هاوپەیمانێتییە بە فڕۆکە چەند پێگەیەکى دەزگا ئەمنییەکانى لە باکوورى بابل بۆردوومان کردووە و فڕۆکەکان لە دەرەوەى سنوورى عێراقەوە نێردراون.
 
لیوا یەحیا رەسوول رایگەیاند، هێرشەکە کاژێر 22:45 کراوە و ژمارەیەک لە ئەندامانی حەشدی شەعبی کوژراون و بریندار بوون.
 
ئەو هێرشە کراوەتە سەر دوو یەکەى هێزێکى سەر بە لیواى 47ـى حەشدی شەعبی و بەهۆیەوە چوار چەکدارى کەتائیبی حیزبوڵڵاى عێراقى کوژران.
 
گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق ئەو ھێرشە بە "بێ پاساو، دوژمنکارانە، نابەپرسانە و هەڵەشەیی" وەسفکردووە و دەڵێت"ئەو جۆرە هێرشانە ئەگەری هەیە کارى ئەمنى هاوبەش بۆ شەڕکردن لە دژى داعش لە عێراق و سووریا پەکبخات."
 
ئەو چەکدارانەى لەو ھێرشە دا کوژراون سەر بە فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنەکانى جەزیرەى حەشدى شەعبی بوون.
 
لیوا یەحیا رەسووڵ دەڵێت، هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ شەڕکردن لە دژى داعش لە عێراقە و بە گوێرەى "رێگەپێدانێکى سنووردار" کار دەکات بۆ ئەرکێکى دیاریکراو لە دژى دوژمنێکى هاوبەش کە لەسەرى رێککەوتوون. ئەو بەئامانج گرتنانە "پێشێلکردنێکى مەترسیدارى" ئەو ئەو ئەرکەیە و عێراق رێوشوێنى یاسایی و دیپلۆماسی گونجاو دەگرێتەبەر بۆ  پاراستنى مافەکانى و لێپێچینەوە لەوانەى بەرپرس بوون لەو ھێرشە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە