رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى رێکخراوێکى ئابووریى عێراقى رایگەیاند، بەغدا نزیکەی 50%ـی کارەبا بەرهەمهێندراوى عێراق بەکاردەهێنێت، ئەویش بەهۆی زۆری باڵەخانەکان و بەکارنەهێنانی سیستەمی دابڕێنەری گەرمی و ساردی لەو باڵەخانانەدا.
خالید جابرى، سەرۆکى رێکخراوى ئوسوڵ بۆ پەرەپێدان ئابوورى و بووژاندنەوەى بەردەوام بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەپێی ئەو رووپێوییانەى لە بەغداى پایتەخت کردوویانە، پارێزگاى بەغدا 44% بۆ 50%ـی ئەو بڕە کارەبایە بەکاردەهێنێت کە لە عێراق بەرهەمدەهێندرێت.
بەگوێرەى دوایین ئامارى وەزارەتى کارەباى عێراق، بڕى کارەباى بەرهەمهێندراو 27 هەزار مێگاواتە، بەو پێیەش بێت بەغدا زیاتر لە 13 هەزار مێگاوات کارەبا بەکاردەهێنێت.
خالید جابرى، ئەندامى لیژنەیەکى حکومییە بۆ پیادەکردنى سیستمى فێنککەرەوەى سەوزى باڵەخانەکان لە عێراق و، گوتى "یەکێک لە هۆکارەکانى بەکارهێنانى ئەو بڕى کارەبایە لە بەغدا ئەوەیە؛ زۆربەى باڵەخانەکانى سیستمى دابڕێنەرى ساردى و گەرمییان تێدا نییە، ئەوەش وا دەکات زیاتر پێویستییان بە کارەبا بێت."
لە وەرزى گەرما، عێراق زیاتر لە 48 هەزار مێگاوات کارەبا بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا نیوەى ئەو بڕە بەرهەمدەهێنێت.
سەرۆکى رێکخراوى ئوسوڵ بۆ پەرەپێدان ئابوورى و بوژاندنەوەى بەردەوام رایگەیاند هۆکارێکى دیکەى بەکارهێنانى زۆرى کارەبا لە بەغدا ئەوەیە؛ زۆرینەى باڵەخەکانەکانى مۆڵەتیان نییە یان تۆمارنەکراون ئەمەش سەرلێشێواوى بۆ وەزارەتى کارەبا دروستکردووە لەوەى پێشبینیی بۆ بەکارهێنانى کارەبا چەند بێت، لەکاتێکدا ئەمینداریێتى بەغدا دەڵێت 32 هەزار و 200 باڵەخانە هەن، بەڵام ژمارەکە زیاتر لە سێ ئەوەندەیە.
بەغدا لە رووى رووبەرەوە بچووکترین پارێزگاى عێراقە، بەڵام چڕیی دانیشتووانەکەی زۆرە و زیاتر لە نۆ ملیۆن کەسى تێدا دەژى.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەو ئامارە لەبارەى بەکارهێنانى کارەبا لە بەغدا فەرمی نییە و، پشکى پارێزگاکان بەگوێرەى پێویستیان دەگۆڕێت، پشکەکە لەلایەن دەستەیەکى هاوئاهەنگییەوە دیاری دەکرێت، کە سەر بە نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراقە."
ئەحمەد موسا گوتیشی "پلەى گەرما، ژمارەى هاوبەشانی کارەبا و چەند هۆکارێکى دیکە، رۆڵیان لە دیاریکردنی پشکی پارێزگاکان بۆ کارەبا هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ