رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی حیزبی هەدەف راگەیاند، دەیانەوێت لە رێگەى هاوپەیمانێتییان لەگەڵ تورکمانەکان پۆستى پارێزگار بۆ عەرەب بێت و بەدوورى دەزانێت بەبێ رێککەوتن کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بکرێت.
ئیسماعیل حەدیدی، ئەمینداری گشتیی حیزبی هەدەف بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئامانجی هاوپەیمانیى عەرەبی لە هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ تورکمان بۆ ئەوەیە کە پۆستى پارێزگار بۆ عەرەب بێت و لاى خۆى بمێنێتەوە.
لە 5ـی شوباتەوە ئەو وادە یاساییە تەواو بووە کە بۆ یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دانرابوو بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەن و دواتریش پارێزگار.
ئیسماعیل حەدیدی کە پارتەکەى بەشێکە لە لایەنە سیاسییەکانى پێکھاتەى عەرەبی کەرکووک، گوتى: "بەبێ ئامادەبوونى ژمارەى یاسایی ئەندامانى ئەنجوومەن، کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا ناکرێت، ئەو کۆبوونەوەیە ناکرێت ئەگەر رێککەوتنى راستەقینە نەبێت بۆ دابەشکردنى پۆستەکان لە نێوان سەرجەم لایەنەکان".
رۆژی 29ى ئایاری 2024 محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ جاری سێیەم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە، نووسینگەى رۆژنامەڤانى سەرۆکوەزیران ئاماژەى بەوەداوە رێککەوتن کراوە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا لە چوارچێوە یاساییەکەیدا بکرێت.
ئەمینداری گشتیی حیزبی هەدەف گوتی: "ئەگەر هەیە سەرۆکوەزیران ئەو پێشنبازانە یەک بخات کە بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک پێشکێشکراون، دواى ئەو دوو هەفتەییەى سەرۆکوەزیران دیاریکردووە دەبێت بڕیارێک هەبێت لەلایەن سەررکوەزیرانەوە تاوەکو پەیوەستیان بکات بە بڕیارەکانى بۆ ئەوەى بگەنە رێککەوتن.. ئەو پرسە پێویستى بە دەستوەردانى سەرۆکوەزیران هەیە."
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، بۆ یەکەمجار لەدواى 18 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کرا، کورد حەوت کورسی و عەرەب شەش کورسی و تورکمان دوو کورسی بەدەستهێناوە، کریستیانەکانیش یەک کورسیى کۆتایان هەیە.
کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک پێویستى بە ئامادەبوونى لانیکەم نۆ ئەندام هەیە کە هیچ کام لە سێ پێکهاتە سەرەکییەکە ناتوانن بە تەنیا بەدەستى بهێنن.
ئیسماعیل حەدیدی گوتى: "بە پەراوێزخستنى هەر کام لەلایەنەکانى کرکووک حکومەتى خۆجێیی پێکنایەت، پێویستە کورد پێکەوە بن و یەکێکیان دانوستاندن بکات و خاوەن بڕیاربن، ئەوە بۆ هەموو لایەنەکانى دیکەش هەروایە. عەرەب و تورکمان و کورد متمانەیان بە یەکدى نەماوە، ئەوەش کێشەی بۆ دروست کردووین".
زۆرینەى پێشنیازەکان بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک بە ئاڕاستەى ئەوەیە پۆستى پارێزگار لە نێوان پێکھاتەکان بە خولى بێت، بەڵام ئیسماعیل حەدیدى دەڵێت: " وەرگرتنى پۆستە بەشێوەى خولى بێسوودە، باشترە بۆ خولێکى تەواو بێت تاوەکو پارێزگار بتوانێت بەرنامەکانى جێبەجێ بکات"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ