رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق رۆژى دووشەممەى دیاریکرد بۆ کۆبوونەوە لەبارەى دەنگدان بە خشتەى بودجەى 2024 و پەسندکردنى، بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەى یاسایی، راپۆرتێک لەبارەى خشتەکە دەخوێندرێتەوە و گفتوگۆى لەسەر دەکرێت.
راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق کارنامەى کۆبوونەوەى 3ـی حوزەیرانى بڵاوکردەوە کە یەک بڕگەیە و تایبەتە بە دەنگدان بە خشتەى بودجە.
بە گوێرەى کارنامەکە، دەنگ بە خشتەى بودجە و ئەو شەش خشتەیە دەدرێت کە هاوپێچى کراوە.
خشتەى بودجە بۆ ئەم ساڵ نزیکەى 211 تریلیۆن دینارە، پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیەدا زیاتر لە 20 تریلیۆن دینارە.
کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان بە خشتەى بودجە کاژێر 03:00 پاشنیوەڕۆ دەبێت.
لیژنەى دارایی راپۆرتێک لەبارەى ئەو خشتەیەوە ئامادە دەکات و لەو کۆبوونەوەیە دەیخاتەڕوو. دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دواى خوێندنەوەى راپۆرتەکە، گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت."
خشتەکانى بودجە تایبەتن بە خەرجى و داهات و کورتهێنانى پێشبینیکراو بۆ 2024.
دارا سێکانیانى گوتى "کۆبوونەوەکە پێویستى بە ئامادەبوونى نیوە کۆیەکى ژمارەى پەرلەمانتارانە، دەنگدان لەسەری پێویستى بە دەنگى نیوە کۆیەکى ئەندامانى ئامادەبووە."
ئەم وەرزەى یاسادانانى پەرلەمان لە 9ى حوزەیران کۆتایی دێت و دواى ئەوە دەکەوێتە پشووەوە کە بۆ ماوەى مانگێک بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ