پەرلەمانی عێراق بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی لە کارنامەکەی لابرد

30-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن هەڵەبجە
A+ A-

نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، کە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا بڕیاردرا دوو بڕگە بۆ کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەمرۆ زیادبکرێت، یەکێکیان بڕیاردانە لەبارەی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی هەفتەی رابردووی قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، "هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی کۆدەنگیی زیاتر لەسەر بابەتی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە هەبێت."
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 30-9-2023، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی ژمارە 16ـی وەرزی یاسایی ساڵی یاسادانانی دووەمی بە ئامادەبوونی 191 پەرلەمانتار دەستپێکرد. 
 
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو دەڵێت، فراکسیۆنە کوردییەکان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێککەوتوون لەسەر لادانی بڕگەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە. مەرجی فراکسیۆنە کوردییەکان، بۆ سەرۆکی پەرلەمان ئەوەیە کە ئەو بڕگەیە لەم وەرزەی یاسادانان تێپەڕێندرێت. 
 
لەبارەی هۆکاری دواخستنەکەش، پەیامنێری رووداو گوتی، داوا لە حكومەتى عێراق کراوە نووسراو بۆ حكومەتى هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی سەرلەنوێ سنووری جوگرافیی هەڵەبجە دیاریبکرێت، دواتر رەوانەی پەرلەمان بکرێتەوە. 
 
جگە لە لابردنی بڕگەی تایبەت بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، کە بڕیاربوو ئەمڕۆ پەسندبکرێت، پەرلەمان بڕیاریدا دوو بڕگەی دیکە بۆ کارنامە 9 بڕگەییەکەی زیادبکات کە ئەوانیش دەنگدانە لەسەر بڕیارێکی تایبەت بە کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی سێشەممە 26ـی ئەیلوولی 2023ـی قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا کە بەهۆیەوە 107 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 200 کەس برینداربوون، هەروەها پەرلەمان بڕگەی دەنگدان لەسەر ژمارەیەک لە پلە تایبەتەکانـی زیادکرد.
 
عارف حەمامی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی شەممە، 30ـی ئەیلوول لەبارەی لابردنی رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە کارنامەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەمانەوێت کۆدەنگیی زیاتری بۆ دەستەبەر بکەین، هەموومان لەسەر شایستەبوونی هەڵەبجە بە پارێزگا کۆدەنگین."
 
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە، 30ـی ئەیلوولی 2023ـی پەرلەمانی عێراق، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە یەکێکە لە بڕگەکانی کارنامەکە. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق و یەکێک لە نوێنەرانی ئەو پارێزگایە لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کار کراوە بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە، بەڵام "ئەگەر هەیە" لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەنەبن و دوابخرێت.
 
ئەگەری دواخستنەکە لەکاتێکدایە، بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی رۆژی 14ـی ئەیلوولی 2023ـی پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام بەهۆی نەچوونی بەشێکی پەرلەمانتاران بۆ کۆبوونەوە و تەواونەبوونی ژمارەی یاسایی ئامادەبووان دانیشتنەکە نەکرا.
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە لە چوار مادە و هۆیەکانی دەرچوونی پێکهاتووە، بەپاساوی جیاواز تاوەکو ئێستا سێ جار دەنگدان لەسەری دواخراوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.