خەمیس خەنجەر: دەبێت چارەنووسی هەزاران هاووڵاتی بێسەروشوێنکراو ئاشکرا بکرێت

30-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پارتی سەروەریی سوننەکان داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی "هەزاران" هاووڵاتی بێسەروشوێنی سوننە لە حەوت پارێزگا دەکات؛ داوا لە پەرلەمانی عێراقیش دەکات پڕۆژەیاسای نەهێشتنی بێسەروشوێنکردن پەسند بکات.
 
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پارتی سەروەریی سوننەکان لە راگەێیندراوێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت، "لە رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنکردندا داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی هەزاران بێسەروشوێنکراوی رۆڵەمان لە پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاحەدین، نەینەوا، کەرکووک، دیالە، ناوچەکانی باکووری بابل و پشتێنەی بەغدا لە رۆژانی شەڕی دژ بە تیرۆر دەکەین". 
 
خەمیس خەنجەر داوا لە پەرلەمانی عێراقیش دەکات پڕۆژەیاسای نەهێشتنی بێسەروشوێنکردن پەسند بکات و دەڵێت، ئامادەکردنی "پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی بێسەروشوێنکردن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پەرلەمان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی پەسندکردنی و ناساندنی وەک تاوانێک لە یاسای نیشتمانییەکاندا". 
 
سەرۆکی پارتی سەروەریی سوننەکان داوا دەکات قەرەبووی زیانلێکەوتووانی تاوانی بێسەروشوێنکردن بکرێتەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی بکرێت. 
 
ئەمڕۆ 30ـی ئاب رۆژی نێودەوڵەتیی بێسەروشوێنکردنە. عێراق لەو وڵاتانەیە زۆرترین بێسەروشوێنی تێدایە. بەپێی ئاماری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لە عێراقدا 250 هەزار کەس بۆ یەک ملیۆن کەس لەساڵی 1968ـەوە بێسەروشوێنکراون.
 
بێسەروشوێنکردن لە عێراق لە چەندین قۆناخدا روویداوە و کراوە؛ قۆناخی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 1968 تاوەکو 2003 لەنێویاندا شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، جەنگی ئێران و عێراق لە ساڵی 1981 تاوەکو 1988، ئەو قۆناخەی کە رێکخراوی قاعیدە لە عێراقدا تووندوتیژی زۆری کرد (2005-2007)، قۆناخی کۆنترۆڵکردنی بەشێکی عێراق لە لایەن رێکخراوی داعش (2014 تاوەکو 2017).

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە