ئەندامێکی لیژنەی ئابووری: وەزارەتی دارایی عێراق پێی گوتین بە مەرج مووچەی مانگی یەک دەنێرن

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمان دەڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق پێی راگەیاندوون بە مەرج مووچەی مانگی یەک دەنێرن.
 
رۆژی سێشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025 هەرسێ پەرلەمانتاری کورد نەرمین مەعرووف و خەلیل غازی، ئەندامانی لیژنەی دارایی و سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق پێکەوە سەردانی وەزاەتی دارایی عێراقیان کرد و، چاویان بە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و بەڕێوەبەری گشتیی بودجە کەوتووە.
 
ئامانجی سەردانەکە بەدواداچوون بوو بۆ مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران، بەتایبەتی مووچەی مانگی 12 و شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا.
 
سۆران عومەر، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەرییە لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقمان کرد بۆ بەدواداچوون بۆ پرسی ژمارە جیاوازەکانی نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق؛ پرسیاریشمان لەبارەی لێبڕین لە مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12ی هەرێمی کوردستان و چارەنووسی مووچەی مانگی 12 کرد."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "وەزارەتی دارایی لە وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەدا گوتی، بەگوێرەی خەرجیی راستەقینە، شایستەی تەرخانکراوی مووچە لە یاسای بودجەدا لە پشکی هەرێمی کوردستان رادەی خۆی تێپەڕاندووە."
 
حکومەتی عێراق دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی حاکیمە و سیادی، خەرجیی راستەقینەی خۆی دیاریکردووە.
 
عێراق تەنیا 441 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 12ی ساڵی 2024 ناردووە، لە کاتێکدا مووچەی مووچەخۆران پێویستی بە نزیکەی تریلیۆنێک دینارە. بە گوتەی سۆران عومەر، "لە وەزارەتی دارایی عێراق گوتوویانە، هیچ پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی مانگی کانوونی یەکی 2024 نانێردرێت و ژمێرکاری داخراوە."
 
تەممووزی ساڵی رابردوو، مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق کرا. سۆران عومەر دەڵێت، "عێراق دەڵێت، بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لەلایەن لیژنە هاوبەشەکەی نێوان هەردوو وەزارەتەوە هێشتا بڕیاری لێنەدراوە و ئێمە بۆ هاوتاکردن بودجەی تەرخانکراومان نەبووە. هەرێمی کوردستان تاکلایەنە مانگانە 92 ملیار دینار زیادەی خەرجکردووە."
 
ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەش دەکات، "وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، هەموو مانگێک 10%ی لێبڕینمان بۆ خانەنشینی کردووە، ئەوەش بە پێی خەرجیی کرداری. هەرێمی کوردستان داوای 430 ملیار دینار گواستنەوەی کردبوو بۆ تەواوکاری مووچەی مانگەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو و  ئەوەشمان بۆ کردن؛ 441 ملیاریش بۆ مووچەی مانگی 12ی 2024 نێردراوە؛ بۆیە پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان تەواو بووە."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوایین جار داهاتی مانگی حوزەیرانی بۆ عێراق ناردووە. ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بەغدا داوا دەکات کورتهێنانی مووچەی مانگی 12 بە داهاتی نێوخۆ پڕبکەنەوە، چونکە شەش مانگە داهاتی نێوخۆی نەناردووە."
 
لەبارەی مووچەی ئەم مانگە، سۆران عومەر گوتی، "بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەم، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوی کردووە کە بەجێکردن بکرێت. عێراق کۆمەڵێک مەرجی داناوە بۆ مووچەی مانگی یەک. گرنگترینیان بەجێکردنە، ئەگەرنا مووچەی مانگی یەک کێشەی بۆ دروست دەبێت."
 
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، "عێراق داوا دەکات کێشەکانی لیستی مووچە چارەسەر بکرێن. بە گشتی کێشە لە لیستەکان هەیە، گرنگترینیان لیستی ژمێریاری، ژمارەی وەزیفی و بایۆمەتری و (UPN)."
 
یاسای بودجەى گشتی سێ ساڵە (2023 و 2024 و 2025) لە 12ـی حوزەیرانی2023 لە پەرلەمان پەسندکرا و لە 26ـی هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانیشتنێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق.

کورد لە دوایین ساڵی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا چاوی لە پەسندکردنی سێ پرۆژەیاسایە

ئەم خولەى پەرلەمانى عێراق کۆتایی ئەم ساڵ تەواو دەبێت، سێ پڕۆژەیاسا بۆ کورد گرنگن کە دووانیان تەنیا دەنگدان لەسەریان ماوە، لەگەڵ ئەوەى بەڵێنى تێپەڕاندنیان دراوە، بەڵام ئەندامێکى لیژنەى یاسایى دەڵێت، "هیچ گەرەنتییەک نییە" لەم خولەدا تێپەڕێندرێت.