لە هەفتەیەکدا 5 هێرش کراونەتە سەر کۆمپانیا بیانییەکان لە بەغدا؛ ترسیان دروستکردووە

31-05-2024
ئەنمار غازی
باڵەخانەی کۆمپانیای کاتەرپیلەر
باڵەخانەی کۆمپانیای کاتەرپیلەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای براندی خۆراک، ئەمجارەیان لقی کۆمپانیای کاتەرپیلەری ئەمریکی لە ناوچەی جادریە لە بەغدا کرایە ئامانج. هێرشەکە لە نیوەشەودا و بە هەڵدانی نارنجۆکێک کرا. هەرچەندە زیانی گیانی و مادی لێنەکەوتەوە، بەڵام شایەتەکان باس لەوە دەکەن، ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵک دروستکرد.    
 
عەلا لامی، شایەتحاڵە و دەڵێت، "دووکانەکەم دادەخست، لە ناکاو گوێمان لە دەنگێکی بەهێزی تەقینەوە بوو. دواتر خەڵک و هێزی ئەمنی زۆر کۆبوونەوە و زانیمان بۆمبێک تەقیوەتەوە. بەداخەوە رووداوەکە ترس و دڵەڕاوکێی زۆری خێزانەکانی نزیک لە خواردنگە و بازاڕەکە لێکەوتەوە." 
 
دوای کەمتر لە 10 خولەک، تەقینەوەیەکی دیکە لە گەڕەکێکی شەقامی فەڵەستین لە رۆژئاوای بەغدا روویدا. پەیمانگەی کامبریجی بەریتانی تێیدا کرایە ئامانج. لەوێش زیانی گیانی و مادی لێنەکەوتەوە. ئەنجامدەرانی هێرشەکەش خۆیان دەرباز کرد. 
 
عەباس سەلمان شایەتحاڵی هێرشی دووەمە، دەڵێت: "نەمزانی چی روویدا، بەڵام گوتیان بۆمبێک لەنێو باڵەخانەی پەیمانگەکە تەقییەوە. نازانم چۆن روویدا؟ ئایا هێرشکارەکان بە ماتۆڕسکیلێک ئەم هێرشەیان کرد یان بە شێوازێکی دیکە بوو؟ حەرامە، ناتوانم کەس تۆمەتبار بکەم."
 
بەمەش، لە ماوەی تەنیا هەفتەیەکدا پێنج هێرش کرایە سەر خواردنگە و کۆمپانیا بیانییەکان لە بەغدا. هێزە ئەمنییەکانیش دەڵێن، ئەو کردەوانە ئاژاوەگێڕین و زیان بە ناوبانگی عێراق دەگەیێنن. جەخت لەوەش دەکەنەوە، سزای تووندی هەر کەسێک دەدەن کە ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگە و موڵکی گشتیی و تایبەت بکەنە ئامانج. 
 
لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و داوای لە حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەستپێبکات و ئەنجامدەرانی لە رێگەی دادگە سزا بدات. باسی لەوەشکرد کە ئەو جۆرە کردەوانە لە توانای عێراق کەمدەکاتەوە بۆ راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەری بیانی. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی

سوودانی: 10ـی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو فڕۆکەخانەی موسڵ دەکەینەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق، وادەی کردنەوەی فڕۆکەخانەی مووسڵی راگەیاند و دەڵێ، لە ساڵی داهاتوو، لە رۆژی داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، فڕۆکەخانەکە دەکەنەوە.