رووداو دیجیتاڵ
هەردوو وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمى کوردستان رێککەوتنێک بۆ رێکخستنى بەردانەوەى ئاو واژۆدەکەن، کە رێککەوتنەکە لە یەکى حوزەیرانەوە جێبەجێدەکرێت.
عەلى رازی، گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەمڕۆ (سێشەممە، 30ـی ئایاری 2023) شاندێکى وەزارەتەکەى سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکات، بەمەبەستى واژۆکردنى رێککەوتنێک لەسەر پرسی بەردانەوەى ئاو لەڕێگەى بەنداوەکانى هەرێمى کوردستانەوە بۆ ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق.
عەلى رازى گوتى "ئەو رێککەوتنە پەیوەندیدارە بە دەستپێکردنى وەرزى هاوینەى کشتوکاڵ بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق لە ئاوى خواردنەوە و ئاودێری".
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق، یەدەگى ئاو لە بەنداوەکانى عێراق بۆ حەوت ملیار مەتر سێجا کەمبووەتەوە، لەکاتێکدا لە ساڵى 2020 بڕەکەى زیاتر لە 60 ملیار مەتر سێجا بووە.
گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق رایگەیاند، دەیانەوێت لە رێگەى ئەو رێککەوتنەوە پشکى ئاوى بەردراوەى هەردوو بەنداوى دووکان و دەربەندیخان دیاری بکرێت و رێککەوتنەکە لە یەکى حوزەیرانى 2023 جێبەجێ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ