عێراق
دیمەنێکی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە زۆنگاوی حەممار لە باشووری عێراق، کە گەورەترین زۆنگاوە لە عێراق، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، تورکیا ئامادە نییە بەشەئاوی عێراق بەتەواوی بەربداتەوە. ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی عێراقیش ئاماژە بەوە دەکات، تورکیا و ئێران خۆیان لە هەر رێککەوتنێک بۆ دابەشکردنی ئاو لەگەڵ عێراق، دەدزنەوە.
عۆن زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13-12-2023) بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، تاوەکو ئێستا تورکیا ئامادە نییە بەشەئاوی عێراق بەتەواوی بەربداتەوە، ئەوەش رێگرە لەبەردەم واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات لەو بارەوە.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی، چەندین جار لەگەڵ حکومەتی تورکیا لەبارەی بەشەئاو کۆبوونەتەوە، بەڵام ئەنقەرە بەشەئاوی عێراق بەتەواوی و نەگۆڕی بەرناداتەوە و گوتی، "جاری وا هەیە ئاوەکە بەردەداتەوە، بەڵام دواتر دەیگرێتەوە."
هەر ئەمڕۆ سائیر جبووری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ، ئاودێری و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەریەک لە تورکیا و ئێران ئامادە نین بچنە ژێر باری پێدانی پشکی تەواوی ئاو بە عێراق و خۆیان لە هەر رێککەوتنێک دەدزنەوە. ئەوەش وایکردووە رێککەوتن و یاداشتنامە لەگەڵیاندا واژۆ نەکرێن."
ئەندامەکەی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی عێراق کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسایە بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی گوتی، "پێویستە ئەو دوو وڵاتە پابەندی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بن لەبارەی دابەشکردنی بەشە ئاوەوە. دەبێت حکومەتی عێراق هەنگاو بە هەنگاو هەموو رێکارێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دابینکردنی بەشە ئاوی پێویست لەو دوو وڵاتەوە، لەوانەش پەنابردن بۆ نەتەوە یەکگرتووکان. ئەگەرنا هەنگاوی دیکەی پێویست بگرێتەبەر، چونکە عێراق ئێستا بە دۆخێکی خراپی کەمئاوییدا تێدەپەڕێت."
لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 12-12-2023ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا سێ بڕیاری دران. یەکێکیان بریتی بوو لەوەی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندی بە هاوتا تورکییەکەیەوە بکات تاوەکو ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەربدرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ