پاسەوانی سنووری عێراق بۆ رووداو: 100 کیلۆمەتری دیکە دیواری کۆنکرێتی لە سنووری سووریا دادەنێین

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، "سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا تووندوتۆڵ کردوون". گوتەبێژی هێزی پاسەوانی سنووری عێراقیش بە رووداوی گوت، "ئەو کارانەی بۆ تووندوتۆڵکردنی سنوور لەگەڵ سووریا کراون لە هیچ حکومەتێکی پێشووی عێراقدا نەکراون".
 
رۆژی هەینی، 29ـی تشرینی دووەمی 2024، لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، "هەر تیرۆریستێک هەوڵی هاتنەنێو خاکی عێراق بدات، رووبەڕووی وەڵامی تووند دەبێتەوە. تووندوتۆڵکردنی ئاسایشی سنوور بەگشتی و سنوور لەگەڵ سووریا بەتایبەتی یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانمان. فەرماندەیی هێزە سنوورییەکان نوێترین چەک و کەرەستەی بۆ دابینکراوە، جگە لەوەی زۆرێک لە سنوورەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کۆنترۆڵ دەکرێن."
 
هەر ئەمڕۆ عەقید حەیدەر کەرخی، گوتەبێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "جگە لەو ئامادەکاری و تووندوتۆڵییەی پێشتر لە سنوورەکان کراون، دوای سەرهەڵدانی ئەو دۆخە نوێیەی سووریا، کارەکانمان زیاتر کردوون و هێزەکانمان لەوپەڕی ئامادەباشییدان."
 
بە گوتەی حەیدەر کەرخی، "ئێستا لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەرەو ئەنبار بەدرێژایی زیاتر لە 210 کیلۆمەتر دیواری کۆنکرێتی دانراوە؛ هەفتەی داهاتووش نزیکەی 100 کیلۆمەتری دیکە دیواری کۆنکرێتی دادەنرێت."
 
گوتەبێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق دەڵێت، "ئەو کارانەی تائێستا بۆ تووندوتۆڵکردنی سنوور لەگەڵ سووریا کراون و ئەو کارانەش لە داهاتوودا دەکرێن، بەدرێژایی مێژووی عێراق نەکراون و هیچ دەرفەتێک بۆ دزەکردن و جموجووڵی نایاسایی لەو ناوچانە نەماوە."
 
حەیدەر کەرخی گوتی، "لە سنووری رۆژئاوای عێراقیش لە ناوچەی قائیمی پارێزگای ئەنبار، بە درێژایی زیاتر لە 160 کیلۆمەتر و بەرزیی 3 مەتر دیواری کۆنکرێتی لە سنووری سووریا دروستکراوە و دەگەیێندرێت بەو دیوارەی لە نەینەواوە درێژدەکرێتەوە."
 
هەر سەبارەت بە دۆخی سنوور، محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا ئەمڕۆ هەینی بە رووداوى گوت، "هەفتەی رابردوو لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق کۆبووینەوە و رێککەوتین لەسەر دانانی کامێرای پێشکەوتووی زیاتر لە سنوور".
 
درێژایی رووبەری سنووری عێراق لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان نزیکەی 600 کیلۆمەترە.
 
شەڕ و پێکدادان لەنێوان دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ سوپای سووریا بەردەوامە؛ بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە 200 کەس کوژراون و هەزاران کەسیش ئاوارە بوون. 
 
دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی رووبەرێکی گەورەیان کۆنترۆڵ کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە