رووداو - بەغداد
بەشێک لە خەڵکی شارەکانی عێراق تووڕەن لە بڕیاری زیادکردنی 200 دینار بۆ سەر نرخی بەنزینی موحەسەن و 250 دینار بۆسەر نرخی بەنزینی سوپەر بۆ هەر لیترێک؛ بڕیارێک کە بەبێ جیاوازیی کاریگەری دەخاتە سەر خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی تاکسی و تایبەت، بەهۆی ئەوەی وەکو شوفێران دەڵێن، کوالێتیی بەنزینی نۆرماڵ خراپە و ناوەناوە پێویستیان بەوە دەبێت بەنزینی موحەسەن و سوپەر بەکاربهێنن.
ستار محەممەد، شوفێری تاکسی دەڵێت، "رۆژ هەتا شەو لە شەقامەکاندا کار دەکەین و ئەوپەڕی 25 - 30 هەزار دینارمان دەست دەکەوێت. حکومەتیش لەلایەک باجمان لێ وەردەگرێت و لە لایەکی دیکەوە ناچارمان دەکات تەنیا بەنزینی موحەسەن بکڕین بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزینی نۆرماڵ، باشە چی بکەین؟ بۆ کوێ بڕۆین؟ هاووڵاتیش ساردکەرەوەی بۆ پێ نەکەیت، ناچار نییە دەستمان بۆ رابگرێت."
بەها نیدا، شۆفێری تاکسی ئاماژە بەوە دەکات، "هەر کاتێک کۆمەڵگە پێش بکەوێت و دۆخەکە کەمێک بەرەو باشی بچێت و ئاوەدانی دەست پێبکات، بەر لەوەی دڵمان پێیان خۆش بێت، یەکسەر قەیرانێکی نوێ سەرهەڵدەدات. ئەمجارەش قەیرانی بەنزین سەریهەڵدا. پێشتر 21 لیتر بەنزین بە 10 هەزار دینار بوو، ئێستاش نرخەکەیان گران کردووە."
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەتیکردەوە دەنگ بە گرانبوونی نرخی بەنزین و سوتەمەنییەکان بدات لە بودجەی گشتیدا. ئەوانیش بەم بڕیارە حکومییە شۆک بوون، تێپەڕاندنیشی رەتدەکەنەوە و بە نایاسایی ناوی دەبەن.
مستەفا جەبار سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڕیارەکە بە "نایاسایی" ناودەبات و دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە بڕیارێکی نایاسایی زەقە، ئێمە لە بڕگەکانی بودجەدا باجی سەر بەرهەمەکانی سووتەمەنیمان هەڵوەشاندەوە، ئێستاش شۆک بووین بەم بڕیارە نوێیەی حکومەت کە باجی زیاد کردووە و بەسەر خەڵکی سەپاندووە. بڕیاری وا تەنیا بە یاسا دەکرێت."
محەممەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، لە چەند رۆژی داهاتوودا لایەنە پەیوەندیدارەکان بانگهێشتی لیژنەکەیان دەکەن و "پرسیار لە هۆکاری زیادکردنی نرخی سووتەمەنییەکان دەکەین. سەرۆکی لیژنەش هاوڕایە، ئێمەش بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم بابەتە دەکەین تا یەکلایی دەکەینەوە."
بەشێک لە پەرلەمانتاران و سیاسەتڤانان، پاساوەکانی حکومەت بۆ زیادکردنی نرخی بەنزین بە بێ بنەما ناودەبەن، بەتایبەت پاساوی 50%ی کەمبوونەوەی هاوردەی بەنزین لە پاڵاوگەی کەربەلا.
بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین، لێکەوتەی گەورەی ئابووریی بەدوادا دێت، بەتایبەت دوای بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و خزمەتگوزارییەکان بە بیانوونی گرانبوونی کرێی گواستنەوە، رێگە خۆش دەکات بەر لە هاتنی گەرمای هاوین، گڕ لە تەواوی دۆخەکە بەربدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ