رووداو دیجیتاڵ
لە بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنامەنووسی رادیۆی رووداودا، گفتوگۆ لەبارەی هەڕەشە و هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پرسی کورد و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا.
لە بەرنامەکەدا هەریەکە لە د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق؛ د. بیلال وەهاب، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک؛ هەستیار قادر، رۆژنامەڤان و ئاکۆ محەممەد، رۆژنامەڤان بەشداربوون.
لەبارەی گفتوگۆکانی ئەمدواییەی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەت دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ئەو گەشبینییەی لەوبارەیەوە هەیە، هەستیار قادر، رۆژنامەڤان گوتی: "ئەو گەشبینییەی هەیە لەخۆڕا نییە، پەیوەندی بە قۆناخەکەوە هەیە."
بە بڕوای هەستیار قادر، قۆناخی ئەم حکومەتەی ئێستا "زۆر جیاوازە لە حکومەتەکانی رابردوو. ئەگەر لە رووی واقیعی سیاسییەوە لێکی بدەینەوە رەنگە 'ناچار' بێت هەندێک سازش بۆ هەرێمی کوردستان بکات و نەرمیی بنوێنێت و بچێتە ژێر چەتری ئەو دەستوورەی، کە پێشتر محەممەد شیاع سوودانی خۆی باسی دەکرد کە پشکی هەرێمی کوردستان لە رووی بودجەوە، لە رووی هاوکاری پێشمەرگەوە، لە رووی بەستنەوەی بە سیستمی بەرگریی عێراقەوە بدات."
بە گوتەی ئەو رۆژنامەڤانە "قۆناخەکە هەستیارە، رەوتی سەدر لێی چووەتە دەرەوە. بۆ خودی هێزە شیعەکان هەستیارە، بۆ ناوچەکە هەستیارە، ئەوان پێویستیان بەوەیە لانیکەم ساڵێک بۆ دوو ساڵ حکومەتێکی سەقامگیریان هەبێت و ناکۆکییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەبێت و ئەو ناکۆکیانەی هەن بڕەوێننەوە، ئەو مەترسیانەی لە بەرامبەر یەک هەیانە بیڕەوێننەوە بۆ ئەوەی جۆرێک لە سەقامگیری سیاسی لە عێراقدا هەبێت."
سەبارەت بە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لە کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، د. بیلال وەهاب، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک پێیوابوو، "کێشەی کورد لە هەر چوار پارچەکە بە تایبەتی یان لە هەمووی زەقتر، کێشەی باشووری کوردستان ئەوەیە وەکو دۆخی فەلەستینی لێدێت، لەبەر بێباکی سەرکردەکان و هەڵە ستراتیژییە یەک لە دوای یەکەکان."
بە بڕوای د. بیلال وەهاب: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گەیشتووەتە ئاستێک کێشەی فەلەستین وەکو کێشەیەک نەبینێت، وڵاتە عەرەبییەکان لەگەڵ ئیسرائیل رێکدەکەون بەبێ ئەوەی باسی فەلەستین بکەن. ئێستا خودی ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییەکانیش کێشەی فەلەستین بە هەند وەرناگرن، ئەمریکاش وایلێهاتووە بە هەندی وەرناگرێت. ئێستا خەریکە کێشەی کورد و پرسی کورد وەکو پرسە فەلەستینیەکەی لێدێت، لەلایەکەوە خاوەنی دۆزەکە کە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئەو دوو حیزبەن کە لە دەسەڵاتدان، دەڵێی نەخۆشیی دەروونیان هەیە، کێشەکانیان بووەتە بابەتی رق و کەسی.
ئەو لێکۆڵینڤان پێیوایە، دەبێت بەرپرسانی کورد واقیعی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی باشتر بخوێننەوە، "سەیری هەندێک وڵاتی کەنداو بکەن کە بەرەو پێشەوە دەڕۆن، پرۆژەی ئابووری و سیاسی و سەربازییان هەیە، کوردستانیش هێشتا هەر لە باسی شەڕی ناوخۆ و کەپکی حەمەد ئاغا تێنەپەڕیوە.. ماوەیەک هیوایەکی زۆر هەبوو، ماوەیەک فێر ببوو چۆن سیاسەت بکات، فێرببوو لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان دەربکەوێت. بەڵام نزیکەی 6 ساڵێک دەبێت بیری چووەتەوە."
سەبارەت بە سەردانەکانی ئەمدواییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان عێراق و کاریگەریی ئەو سەردانانە، د. بیلال وەهاب دەڵێت: "هەمیشە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئەرێنییە، هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەسەڵاتی زۆر زیاترە لە تاران و ئەنقەرە. بۆیە ئەگەر کێشەیەکی لەگەڵ بەغدا هەبێت، یەکەم جار بچێتە بەغدا زۆر باشترە لەوەی بچێتە پایتەختێکی دیکە. چونکە لە بەغدا پەرلەمانتاری هەیە، وەزیری هەیە، دەسەڵاتی هەیە. بە پێچەوانەی تاران و ئەنقەرە، چ جای لەندەن و واشنتن."
د. بیلال وەهاب دەشڵێت: "ئەو جۆرە بەرخوردە لەگەڵ بەغدا لایەنێکی دیکەی باشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ریفراندۆم و شەڕی داعش ئەوەیان دەرخست کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکات وەکو دەوڵەت. هەرێمی کوردستان لە گەرمەی شەڕی لەگەڵ داعش نەیدەتوانی بەبێ رەزامەندیی بەغدا چەک و تەقەمەنی لە ئەمریکاوە وەربگرێت. بۆیە ئەو دەسەڵاتەی لە بەغدا هەتە بەکاری بهێنی، مامەڵەکردنە لەگەڵ واقیع و پراکتیکیتریشە."
سەبارەت بە هێرشەکانی ئێرانیش، ئەو لێکۆڵینڤانە وایدەبینێت "هێرشکردنی ئێران بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوە نییە کە بیانووی هەیە، یان لەبەر ئەوە نییە بیانووێک هەبێت و ئێمە ئەگەر ئەو بیانووە نەهێڵین ئێران عەقڵانە مامەڵە بکات." دەشڵێت: "ماڵی شێخ کەریم باز کە بەر مووشەک درا، بیانووەکە ئەوکاتە چی بوو؟ کابرا دەیەوێت بۆردوومان بکات پاشان بیانووێکی بۆ دەدۆزێتەوە."
د. بیلال وەهاب ئاماژە بەوە دەدات کە عێراق چەندین جار لەلایەن ئێرانەوە گورزی خواردووە، "بەڵام عێراق ناوێرێت تەنانەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لەسەر ئێران تۆمار بکات. ئێران لە عێراق دەدات و پاشان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لە عێراق دەکات و دەڵێت، ئەوانە تیرۆریستیان پەنا داوە."
هەر لەبارەی ئەوەی کە عێراق هەڵوێستێکی وەهای بەرامبەر بە هێرشەکانی تورکیا و ئێران نەبووە، د. بیلال وەهاب دەڵێت: "تورکیا ئەو هەموو هێرشەی کرد و ئەو هەموو خەڵکە سڤیلەی کوشت، عێراق دەنگی نەکرد تاوەکو هەندێک گەشتیاری عەرەب کوژران ئینجا بوێریان کرد و چوون لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵایان تۆمارکرد، ئەویش تورکیا هەندێک هەڕەشە و گوڕەشەی لێکردبوون.. کۆتایی بەوەش هاتووە، فڕۆکەی ئێرانی و تورکی بە ئاسماندا دەسوڕێنەوە، عێراقییەکان دەشیانبینن و ئەسڵەن ناوێرن تەقەشی لێ بکەن، کاتێکیش ئەوە غیرەت و بوێرییەت نەبێت لە وڵاتەکەی خۆت، ئەمریکایەک لەو دوورەوە بۆچی بێت بەرگریت لێ بکات؟"
د. بیلال وەهاب بابەتی گەندەڵیی و سەروەریی لە عێراق بەیەکەوە گرێدەدات و دەڵێت: "گەندەڵی بووەتە کێشەیەکی ئاسایشی نیشتمانی و پەیوەستی دەکەمەوە بە بابەتی سەروەریی. عێراقێک ئاوا گەندەڵ بێت، حیزبەکانی کە لە عێراقدا حاکمن یەکێک پەنا بۆ تورکیا، یەکێک بۆ ئێران، یەکێک بۆ سعودیە، یەکێک بۆ ئەمریکا و یەکێک بۆ قەتەر دەبات بۆ پاراستنی ئەو گەندەڵییەی هەیانە، جا چ بۆ پارە سپیکردنەوەکە بێت چ بۆ دانوستاندنی سیاسی بێت.. ئەم جۆرە گەندەڵییە وابەستەیە بە مانەوەی ئەو لایەنە لە سیستمی سیاسیدا، ئەو مانەوەیەش پێویستی بە پاڵپشتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەیە، ئەمە وا دەکات وڵاتێکی وەکو ئێران چۆن پێشبینی بکەین کە رێز لە سەروەریی عێراق بگرێت؟ وڵاتێکی وەکو تورکیا کاتێک کە دەڵێت، ئەگەر من نەبوومایە ئەو حیزبانە ئەسڵەن نەیاندەتوانی کوتلە دروست بکەن، تۆ چۆن دەچی داوای لێدەکەی دەڵێی شتێکمان هەیە پێی دەڵێی سەروەری؟"
لەبارەی پێشێلکردنی سەرەوەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق و هێرشە بەردەوامەکانی ئێران و تورکیا، د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، رایوابوو، "دۆخەکە لەگەڵ ئێران و تورکیا ئاڵۆزە، خۆشبەختانە هەندێک ئاماژەی ئەرێنی لە بەغداوە دێت. ئەو سەردانەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکی زۆر گونجاودابوو، دەکرا بکرابووایە. ئەگەر نەکرابووایە هەڵەیەکی گەورەبوو."
هەر لەبارەی گرنگیی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە گوتەی د. عادل باخەوان لەو سەردانەیدا بۆ بەغدا "سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار جار لەگەڵ سەرۆکوەزیران یەکدییان بینیوە، واتە کەم نییە، واتە دۆخەکە زۆر هەستیارە. هەر لە بینینی ئەوپەڕی سەدرییەکانەوە تاوەکو دەگاتە ئەوپەڕی خەزعەلی و بەوانەوە کە مووشەکیان دەنا بە هەولێر، بەوانەی کە دژی مووشەکنان بوون بە هەولێرەوە، گفتوگۆ لەگەڵ هەر هەموویان کراوە."
بە بڕوای د. عادل باخەوان، "لە عێراقدا چارەسەری سیستماتیک بۆ کێشەکان نییە، هەموو شتەکان لەسەر ئەو شتە بینا دەکرێن کە پێیدەگوترێت پەیوەندی. ئامادەی لە بەغدا بە هێزەوە وەک بینیمان لەو دوو سەردانەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەتوانیت بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەجێندای خۆت بسەپێنیت و چارەسەری خۆت بسەپێنیت، دیدگای خۆت بسەپێنیت و ئاراستەی رووداوەکان بکەی.. لە بەغدا ئامادە نیت، ئەوانەی دیکە وردە وردە کە لە بەغدا ئامادەن ئاراستەی رووداوەکان دەکەن."
بە گوتەی د. عادل باخەوان، "ناردنی شاند بۆ بەغدا کارێکی باشە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت چارەسەری کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بکەین، دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مانگێکدا دووجار لە بەغدا بێت، دەبێت سەرۆکی حکومەت لە مانگێکدا دووجار لەوێ بێت، ئەو دووجارەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لێ نییە، دەبێت دووجار سەرۆکی حکومەتی لێبێت، واتە دەبێت هەفتەی یەکێکیان لەوێ بن."
سەبارەت بە ناوخۆی کوردستان، د. عادل باخەوان گوتی: "زۆر خراپە، تاوەکو بڵێی دۆخەکە خراپە. بەڵام لە 15 رۆژی داهاتوو گۆڕانکاری زۆر گەورە دەکرێت. دۆخەکە زۆر خراپە، درزەکان درزی ئایدیۆلۆژی نین وەکو حەفتاکان، ئەو درزانەی کە ئێستا هەن، درزی زۆر سایکۆلۆژی و شەخسی و زاتین. چانسی هەردوو زۆنەکە لەوەدا کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 15 رۆژی داهاتوودا هەموو سەرە داوەکانی لەبەردەست دایە بۆ ئەوەی هەردوولا بە یەکەوە گرێبداتەوە. هەروەها کۆمەڵە رووداوێکی زۆر گەورە لە 15 رۆژی داهاتوو روودەدەن کە هەمووی بە قازانجی چارەسەرکردنی کێشەکان لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا تەواو دەبێت."
د. عادل باخەوان بەپێویستی دەزانێت، هەرێمی کوردستان دەبێت بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات و دەڵێت: "سبەی سوودانی سەردانی تاران دەکات، ئەو چوار جارەی لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکتریان بینیوە. ستراتیژیەتێکی پەیوەندی و هەڵسوکەوت ئامادەکراوە کە ستراتیژێکی بەغدایی و هەولێری بێت لە بەرامبەر ئێراندا. ئێران ئەمەی زۆر پێناخۆشە.. ئەوە بۆچوونێکی زۆر هەڵەیە کە پێیانوایە ئێران دەیەوێت عێراق بێتەوە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر بە وردی ئاماژەکان بخوێننەوە بەهیچ شێوەیەک وا نییە. بە پێچەوانەوە ئێران پێی خۆش نییە سوپای عێراق بێتەوە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، بە پێچەوانەوە ئێرانییەکان پێیانخۆشە راستەوخۆ لەگەڵ هەرێمێکی کوردستانی لاوازدا مامەڵە بکەن نەک لەوەی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بە یەکەوە سنوورەکان بپارێزن. ئەمەش یارییەکی زۆرباشە کە هەرێمی کوردستان دەیکات کە عێراق دەکات بە شەریکی خۆی لە چارەسەرکردنی گرفتەکانیان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و خۆزگە بیتوانیبا هەمان شت لەگەڵ تورکیاش بکات."
بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق پێیوایە، چوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران "کۆمەڵێک دەرگا دەکاتەوە، بەڵام یەکێک لەو دەرگایانەی کە ئێمە دەبێت لە خۆمانی بکەینەوە و بە جیددی پرسیارەکە لە خۆمان بکەین ئەوەیە، ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ دیموکرات و کۆمەڵە بکەین؟ دیموکرات و کۆمەڵە ئایا چ جۆرە بوونێکی یاساییان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە؟ ئایا هەرێمی کوردستان دەیەوێت وەکو چوارچێوەیەکی دەوڵەتی مامەڵە بکات لەگەڵ جیهاندا یان دەیەوێت وەکو چوارچێوەیەکی پەراوێزخراو کە نە یاسای تێدا بێت و نە چوارچێوەیەکی دەستووری و یاسایی تێیدا بێت و نە رێز لە هیچ رێساکان بگرێت؟"
د. عادل باخەوان هەر لەبارەی چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ "دیموکرات و کۆمەڵە" دەپرسێت: "ئایا ئێمە دەمانەوێت وەکو سۆز مامەڵە لەگەڵ دیموکرات و کۆمەڵەدا بکەین؟ یاخود ئیدی دەبێت ئێمە تێبگەین لەوەی ئێمە خاکمان هەیە، جەماوەرمان هەیە. ئەگەر بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین، دەبێت دیالۆگێکی راشکاومان لەگەڵ دیموکرات و کۆمەڵەدا هەبێت.. وەکو پەنابەری سیاسی دەبێت هەموو مافەکانیان لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا پارێزراوبێت، بەڵام وەکو ئەوەی تۆ هێزی چەکداری و سەربازگەت لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەگەر من سەرۆکی هەرێم بم قبووڵی ناکەم ئۆپۆزیسیۆنی هەرێمی کوردستان لەسەر خاکی ئێران ئەمەی هەبێت. کۆمەڵە و دیموکراتیش دەبێت زۆرباش لەوە تێبگەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ