لووتکەی بەغدا؛ وڵاتان پاڵپشتیی عێراق لە هەڵبژاردن و شەڕی دژی تیرۆر دەکەن

28-08-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن لووتکەی بەغدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتێکی هەستیار و چارەنووسسازدا، سەرکردە و نوێنەری 13 وڵاتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە کۆنگرەی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی کۆبوونەوە. کۆنگرەکە بە گوتارێکی مستەفا کازمی دەستیپێکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی داعشدا.
 
مستەفا کازمی رایگەیاند، "هێشتا تیرۆر هەوڵدەدات شوێنپێی خۆی قایمبکات، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین شکست بە هەموو ئەو هەوڵە بێئەنجامانە بهێنین، بە ویستی گەل، کە تامەزرۆی ئاشتی و ژیانن، هەموو جۆرە تووندڕەوییەکیش رەتدەکەینەوە، بۆ ئەمەش هەموو هێزە ئەمنییەکانمان دەخەینە گەڕ." 
 
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە بەرامبەر ئەو قەیرانانە کرایەوە کە تەنگیان بە وڵاتەکە هەڵچنیوە، لەنێویاندا قەیرانی ئابووری، کۆرۆنا و داعش.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا یەکێک لە بەشداربووانی لووتکەکە لەوبارەیەوە رایگەیاند، "فەرەنسا لە پاڵ ئێوە بەردەوامدەبێت بۆ شەڕی دژی تیرۆر، لە بڕیاری ئێوە زیاتر پشت بە هیچ بڕیارێکی دیکە نابەستین، شەڕی تیرۆر واتا گەڕانەوە بۆ سەقامگیریی تەواو لەو ناوچانەی لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکراونەتەوە."
 
لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەم کۆنگرەیە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە کۆبوونەوەی لەمجۆرە لە ناوچەکە بەڕێوەنەچووە کە نوێنەری سەرجەم وڵاتانی دۆست و نەیار کۆبکاتەوە.
 
سەرۆکی وڵاتان بە ئامادەبوونی نوێنەری هەریەک لە ئێران و تورکیا کە بە دەستوەردانی کاروباری نێوخۆی عێراق تۆمەتباردەکرێن، جەختیان کردەوە کە نابێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "راگەیێندراوی کۆتایی جەخت لە پاڵپشتیکردنی عێراق دەکاتەوە، هەموو لایەک هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە سەقامگیریی عێراق واتا سەقامگیریی ناوچەکە و هەروەها سەقامگیریی ناوچەکەش واتا سەقامگیریی عێراق."
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرکردەی دیاری ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە عێراقی وەکو هاوبەشێکی نزیکی خۆی زانی، پاڵپشتیی خۆی بۆ سەروەریی عێراق دوور لە دەستوەردانی گرووپە میلیشیاکان، بۆ پێکهاتەکان لەنێویاندا کوردانی ئێزدی، لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەکاتی خۆی دەربڕی.
 
وێستگەی داهاتووی ماکرۆن و کۆبوونەوەکانی داهاتووی لە هەولێر دەبێت. 
 
سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بەو هیوایەن لەگەڵ نوێنەرانی سوننە کۆببمەوە، دوایش لەگەڵ بەرپرسانی کورد کۆدەبمەوە، لەگەڵ جەنگاوەرانی کورد کە دەمەوێت پشتگیریی فەرەنسایان بۆ دووپاتبکەمەوە. هەروەک چۆن پشتگیریی خۆم بۆ ئێزدییەکان پێشاندا."
 
لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی لە دوای ساڵی 2003ـەوە فراوانترین کۆبوونەوەی سەرۆک و وەزیرانی دەرەوەی نۆ وڵاتە لە عێراق. ئامانجێکی دیکەی کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە عێراق رۆڵی نێوەندگیری لە کێشە و ململانێکانی ناوچەکە ببینێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بیرەکان لە ئاسمانەوە.

400 بيرى مێژوویی لە سنوورى نێوان عێراق و ئێران دەدۆزرێنەوە

400 بیرى شاقولى لە سنوورى نێوان عێراق و ئێران دەدۆزرێنەوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا، بەگوتەى بەرپرسێکى شوێنەوارى میسان بیرەکان لەو جۆرانەن، کە لە هەرێمى کوردستان بەکارهێندراون.