سوودانی: پێداویستییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان دابینکردوون

28-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆبووەوە و رایگەیاند، حکومەت هەموو پێداویستییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دابینکردووە.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی تەممووزی 2024، لەگەڵ عامر موسا حوسێنی، سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی، "سەرۆکوەزیران لە ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاگادارکرایەوە و رایگەیاند، حکومەت سەرجەم پێداویستییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دابینکردووە".
 
سوودانی لەو کۆبوونەوەیەدا رایگەیاند: "بوونی کۆمیسیۆنێکی پیشەیی و بێگەرد کە پارێزگاری لە بێلایەنیی خۆی بکات بابەتێکی کەم نییە، چونکە کۆمیسیۆنێکی لەو جۆرە گەرەنتی و دڵنیایی بەردەوامیی پڕۆسەی هەڵبژاردنە کە بە کرۆکی سیستمی دیموکراسی و یەکێک لە پایەکانی، هەژمار دەکرێت."
 
بەپێی خشتەی بودجەی ساڵی 2024ی عێراق، بڕی 69 ملیار و 320 ملیۆن دینار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تەرخانکراوە کە بڕیارە لە 20-10-2024 بەڕێوەبچێت. 
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، کۆتای پێکهاتەکان، لیستى پارت و هاوپەیمانێتییەکان ناویان بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان تۆمارکردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە