وەزارەتی دەرەوەی عێراق: بەدواداچوون بۆ دیارنەمانی 50 هەزار پاکستانییەکە دەکەین

28-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند بۆ بەدواداچوونی هەواڵی دیارنەمانی 50 هەزار پاکستانی لە عێراق، پەیوەندییان بە لایەنی پاکستانییەوە کردووە، پاکستانییەکان پێیانڕاگەیاندوون هەڵە لە گواستنەوەی زانیارییەکان روویداوە.
 
رۆژی یەکشەممە 28-07-2024 وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بارەی هاتنی ژمارەیەکی زۆر پاکستانی بۆ عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە "وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەدواداچوونی بۆ هەواڵێک کرد کە باس لە دیارنەمانی 50 هەزار پاکستانی لە عێراق دەکات، بەو پێیە وەزارەت پەیوەندیی بە شودری سالک حوسێن، وەزیری کاروباری ئایینیی پاکستانەوە کرد، ئەویش پێیڕاگەیاندین، هەڵە و تێکەڵییەک هەبووە لە گواستنەوەی زانیارییەکاندا."
 
بەپێی روونکردنەوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزیرە پاکستانییەکە گوتوویەتی ئەوەی دەزگاکانی راگەیاندن لەبارەی دیارنەمانی 50 هەزار پاکستانی باسیان کردووە، راست نییە، ئەو دەزگا راگەیاندنەش بانگدەکات کە هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
 
وەلید نیعمە، سەرۆکی سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەبێت حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکات، چونکە بە سەدان هەزار کرێکاری بیانی لە عێراق بە بێ مۆڵەت کاردەکەن، پێمانوایە ئەوەی بڵاوکراوەتەوە دروستە و ژمارەکەشی کەمە، ئەو پاکستانییانەی لە عێراق بێ مۆڵەت کاردەکەن زۆر زیاترن."
 
رۆژی پێنجشەممە 25ـی تەممووز، هەواڵێک لەسەر زاری شودری سالک حوسێن، وەزیری کاروباری ئایینیی پاکستانی بڵاوبووەوە، گوایە لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی پیرانی پاکستان گوتوویەتی، لە مانگی موحەرەمی کۆچی، 50 هەزار پاکستانی چوونەتە عێراق و دیارنەماون و نەگەڕاونەتەوە.
 
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دوای رۆژێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ئەو 50 هەزار پاکستانییە دەکات، کە هاتوونەتە عێراق و نەگەڕاونەتەوە. وەزیری کار دەڵێت "بەشێک لە کرێکارە بیانییەکان، لەنێویاندا پاکستانییەکان، بەناوی گەشتکردنەوە هاتوون و بەبێ مۆڵەت لە عێراق کار دەکەن."
 
عێراق بە وڵاتی مەزارە پیرۆزەکان دەناسرێت، بەتایبەت شیعە، گۆڕی ئیمامی عەلی، ئیمامی حوسێن و عەباس و ژمارەیەک کەسایەتی ئاینی لێیە، ساڵانە بەهەزاران شیعە لە زیاتر لە 30 وڵاتەوە سەردانی مەزارگەی ئیمامەکانی شیعە لە عێراق دەکەن.
 
بەشێک لەو کەسانەی بە ناوی کرێکارەوە لە ژمارەیەک وڵاتەوە سەردانی عێراق دەکەن ناگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەشێکیان بێ مۆڵەت کاردەکەن.
 
بەپێی بڕیاری حکومەتی عێراق، لە رۆژی 1ی ئەیلوولەوە هەر کرێکارێکی بیانی بەبێ مۆڵەت کار بکات، رۆژانە 20 هەزار دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە