دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە

28-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دادگای فیدڕاڵیی عێراق سکاڵایەکی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێی لەبارەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەتکردەوە، سکاڵایەکی پەرلەمانتارێکی یەکێتیشی لەبارەی ئەنجوومەنی شورای کوردستانەوە بۆ مانگی ئەیلوولی داهاتوو دواخست.  
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی تەمموزی 2024 دادگای فیدڕاڵیی عێراق بۆ تاتوێکردنی ژمارەیەک سکاڵا کۆبووەوە، دووانیان پەیوەست بوون بە هەرێمی کوردستان، هەردوو سکاڵاکە دانیشتنی یەکەمیان بوو.
 
سکاڵای یەکەمیان لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە دژی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو، سکاڵاکار داوای لە دادگاکە کردبوو بڕیارەکانی حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، "ئەگەر لەماوەی سێ مانگدا هەڵبژاردن نەکرێت." دادگە ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە و دەڵێت، "لە تایبەتمەندێتیی دادگەی فیدراڵی نییە."
 
سکاڵاکە لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ تۆمارکراوە، پێش دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20ـی ئۆکتۆبەری 2024ە.
 
 بڕیارە رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای چوار جار دواخستن، بکرێت.
 
سکاڵای دووەم لەلایەن بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لە دژی رێواز فایەق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و داوایکردووە دادگاکە هەمواری یاساکە کە لە ساڵی 2022دا کراوە بە "نایاسایی" بزانێت.
 
جگە لەوە سکاڵای لەسەر دوو مادەی پەیوەست بەو بابەتەوە کردووە کە پەیوندیدارن بە دادگای کارگێڕی و سکاڵاکانی رەگەزنامە. دادگە ئەم سکاڵایەی بۆ رۆژی 16ـی ئەیلوولی 2024 دواخست.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە