عێراق 950 کامێرای گەرمبین لەسەر سنوورەکانی جێگیر دەکات

28-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، 950 کامێرای گەرمبینیان لەسەر سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ داناوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هێزەکانی پاسەوانی سنوور بەردەوامن لە کارکردن و پشتبەستن بە کامێرای گەرمبین بۆ چاودێریکردنی سنوورەکان، بە جۆرێک، لە ساڵی 2022 تەنیا 200 کامێرا لە سنوورەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ جێگیر کرابوون، بەڵام ئێستا 950 کامێرای گەرمبین لە هەموو سنوورەکان هەن.
 
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، "فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای نوێ، لە رێگەی دانانی سەدان کامێرای گەرمبین لە هەموو سنوورەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەوڵی رێگەگرتن لە دزەپێکردن و بەقاچاخبردن دەدات."
 
سەرچاوەیەک لە هێزەکانی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کامێرایانە بەشێکیان لە سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا دانراون، جگە لەوەی بەشێکیان لە سنوور لەگەڵ سووریا دانراون، کە رۆڵی باشیان لە کەمکردنەوەی دزەکردن لە سنووری ئەو وڵاتانە و هاتووچۆی قاچاخی نێوان ئەو وڵاتانە دەبێت."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، زۆرینەی ئەو کامێرایانە لە ساڵی 2023دا دانراون، عێراق بەنیازە بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا و سووریا کامێرای زیاتر لەو سنوورە جێگیر بکات.
 
عێراق 3631 کیلۆمەتر سنووری زەوینیی لەگەڵ شەش وڵاتی دراوسێی هەیە، کە 1458 کیلۆمەتر لەگەڵ ئێرانە، لەگەڵ سعودیەش 814 کیلۆمەتر، سووریا 605 کیلۆمەتر، تورکیا 331 کیلۆمەتر، ئوردن 181 کیلۆمەتر و کوێتیش 242 کیلۆمەتری هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە