گەرمای 50 پلەیی بەشێوەیەکی کاتی لەکۆڵ عێراق دەبێتەوە

28-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پلەکانی گەرما لە عێراق لە خوار 50 پلەوە جێگیرن، کەرکووک بە 47 پلە، ئەمڕۆ بەرزترین پلەی گەرمای تۆمارکراوی لەسەر ئاستی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق دەبێت. لە 15 گەرمترین ناوچە و شاری جیهانیش لە 24 کاژێری رابردوو، عێراق تەنیا یەک ناوچەی هەیە.
 
بەپێی دەستەی کەشناسیی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، 28ـی حوزەیرانی 2024، پارێزگاکانی لە ئاستێکی جێگیردا هاوشێوەی سێ رۆژی پێشووی ئەم هەفتەیە دەمێنێتەوە، بەشێوەیەک پلەی گەرمای هیچ پارێزگایەکی ناگاتە 50 پلەی سیلیزی.
 
بۆ ئەمڕۆ هەینی، دەستەکە ئەم پێشبینییانەی بۆ پلەکانی گەرمای پارێزگاکان کردووە:
 
- بەغدا: 46 پلە
- دهۆک: 41 پلە
- هەولێر: 43 پلە
- سلێمانی: 41 پلە
- کەرکووک: 47 پلە
- نەینەوا: 46 پلە
-سەڵاحەدین: 44 پلە
- دیالە: 46 پلە
- ئەنبار: 45 پلە
- کەربەلا: 46 پلە
- بابل: 45 پلە
- واست: 45 پلە
- نەجەف: 46 پلە
- دیوانییە: 45 پلە
- میسان: 46 پلە
- زیقار: 46 پلە
- موسەنا: 46 پلە
- بەسرا: 46 پلە
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشبینی ئەم مانەوە بە جێگرییەی پلەکانی گەرما بۆ هەفتەی داهاتووش دروستە، لەگەڵ هەندێک بەرزبوونەوەی کەم، هەرچەندە لە شەواندا پلەی گەرما دادەبەزێتەوە، جگە لە تۆز و خۆڵبارینی کەم لە بەشێک لە پارێزگاکانی رۆژئاوای عێراق."
 
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمڕۆ هەینی پێشبینیکردووە، پلەکانی گەرما لە کەرکووک و گەرمیان بەرزترین بن کە 45 پلەیە بۆ هەر یەکێکیان.
 
پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان:
 
- هەولێر : 43 پلە
- سلێمانی : 39 پلە
- دهۆک : 43 پلە
- کەرکووک : 45 پلە
- هەڵەبجە : 41  پلە
- زاخۆ : 43  پلە
- سۆران : 40 پلە
- حاجی ئۆمەران : 31 پلە
- گەرمیان : 45 پلە
 
بۆ سبەی شەممەش، 29ـی حوزەیران، کەشناسی پێشبینی کردووە پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر ببێتەوە بەبەراورد بە تۆمارکراوەکانی رۆژی هەینی.
 
بەپێی ماڵپەڕەکانی تایبەت بە پێوانە و تۆمارکردنی پلەکانی گەرما، لە 24 کاژێری رابردوودا، لەنێو 15 گەرمترین شوێن و ناوچەی جیهان، عێراق تەنیا شاری عەممارەی ناوەندی پارێزگای میسانی نەبێت، هیچ شارێکی لەو ریزبەندەدا نەبووە.
 
جەزائیر کە پێنج گەرمترین شوێنی لە جیهاندا لەو لیستەدا هەیە شوێنی عێراقی گرتووەتەوە، دوای ئەوەیش بە چوار ناوچەوە وڵاتی عوممان دێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە