رووداو دیجیتاڵ
دواى چەندین ساڵ، جووڵەى تاکسى رووبار لە رووبارى دیجلە لە بەغدا دەستپێدەکاتەوە بۆ گواستنەوەى هاووڵاتییان لە سەکۆى کازمیە بۆ سەکۆى موتەنەبی و بەپێچەوانەوە، بۆ کەمکردنەوەى جەنجاڵى شەقامەکانى بەغداى پایتەخت.
رەزاق محێبس، وەزیرى گواستنەوەى عێراق دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە ئەم دەستپێکردنەوەیە لە دواى حەوت ساڵ راگرتن بوو، گرنگی ئەمە ئەوەیە کە ئێمە زۆر رژدین لەسەر بەردەوامى تاکسى رووبار، چونکە ئەم پڕۆژەیە حەوت ساڵ لەمەوبەر لەلایەن حکومەتەکانى رابردوو کرایەوە، بەڵام بەداخەوە بەردەوام نەبوو بۆ خزمەتکردنى هاووڵاتییانی عێراق."
بەلەمەکان 40 سەرنشین دەگرن، بۆ ئەوەى لە بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 11:00ـی شەو هاووڵاتییان بگوازنەوە. هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڵێنیانداوە قۆناخى دووەمى پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن کە لە سەکۆى موتەنەبی بۆ سەکۆى چادریە و بەپێچەوانەوە دەبێت.
ئەیاد عەلی، شۆفێری تاکسی یەکێک لە بەلەمەکان لە رووبارى دیجلە دەڵێت: "دەرچوونى لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە دەبێت تاوەکو کاژێر 11:00ـی شەو کە بەشێوەی نۆرە دەبێت لە بەیانى و ئێواران، گواستنەوەى هاووڵاتییان لە کازمیەوە دەبێت بۆ موتەنەبی و بەپێچەوانەوە. بەلەمەکان سیستمى ساردکەرەوەیان تێدایە و نوێن و 40 سەرنشین دەگرن، هەندێکیشیان 30 سەرنشین لەخۆدەگرن. لە رۆژانى جەژندا گواستنەوەى هاووڵاتییان بێ بەرامبەر دەبێت، دواى ئەوە بەنرخێکى کەم دەبێت."
رێوشوێنە ئەمنییەکان و دابەزینى ئاستى ئاوى رووبار، وایکرد کە بۆ چەندین ساڵ پڕۆژەى تاکسی رووبار رابگیرێت، هاووڵاتییان هیواخوازن کە ئەمجارە بەردەوام بێت بەبێ هیچ بەربەستێک، بەو ئومێدەى ببێتە هێڵێک لە نێوان باکوور و باشوورى بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ