لە لەندەن ئایندەی نەوت و گازی عێراق تاوتوێ دەکرێت

28-06-2019
رووداو @Rudawkurdish
کۆنفرانسەکە دوو رۆژ دەخایەنێت
کۆنفرانسەکە دوو رۆژ دەخایەنێت
نیشانەکردن نەوت عێراق
A+ A-

رووداو - هەولێر 

کۆنفرانسی ئایندەی نەوتی عێراق لە لەندەن بۆماوەی دوو رۆژ بەڕێوەچوو و تێیدا چۆنییەتی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراقدا لەلایەن ژمارەیەک لە بەرپرس و سەرۆکی دامەزراوە و کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی جیهان گفتوگۆی لەبارەوە کرا. 

لە رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەدا تیشک خرایە سەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگ، وەک: ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ستراتیژی گاز لە عێراق و پێشبینییەکان بۆ نەوت و گازی عێراق.

ئەجێندای رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکە جەختکردنەوە بوو لە:

- ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق. 
-ستراتیژی گاز لە عێراق، بەهێزکردنی پەرەدان بەو پیشەسازییانەی وزەی زۆریان پێویستە.
-پێشبینییەکان بۆ دارایی وزە لە عێراق.
-کەرتی کارەبای عێراق: بونیادنانەوەی ژێرخانی وزە لە عێراق.
-پێشبینییەکان بۆ نەوت و گازی عێراق.

لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا، وەزیری نەوتی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی راگەیاند، هەولێر و بەغدا هەوڵدەدەن چارەسەری یەکجاری بۆ کێشەی نەوتی نێوانیان بدۆزنەوە و ئەو بابەتەش لە کۆبوونەوەی پێنجشەممەی رابردووی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا باسی لێوەکرا. 

سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق "بەم دواییانە کۆبووینەتەوە، سەرۆکوەزیرانی ئێمە لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، منیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربووم؛ گفتوگۆکەمان نایاب بوو، کەشوهەوای کۆبوونەوەکە زۆر دۆستانە بوو، هەردوولامان کۆک بووین لەسەرئەوەی پێویستە ئێمە چارەسەرێکی یەکجاری بۆ پرسی نەوت بدۆزینەوە".

چاوەڕواندەکرێت تاوەکو کۆتایی 2020 ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دوو هیندە زیادبکات، کە لە لایەن کۆمپانیای نەوتی بی پی ـیەوە وەبەرهێنانییان تێدا دەکرێت. 

سەرۆکی لقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بی پی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی راگەیاند، دەبێت بە ستراتیژیەتێکی رێکوپێک کار لە تەواوی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بکرێت بۆئەوەی بەرهەم و ئەنجامەکەی دیار و کاریگەر بێت. 

بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی نەوت و گاز دەکات و حکومەتی عێراقیش پێویستی بە داهاتی زیاترە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکانی وڵات.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە