سەرۆککۆمارى عێراق بە یاوەریى چوار وەزیر سەردانى ئێران دەکات

28-04-2023
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژى شەممە لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق بە یاوەریى چوار وەزیرى حکومەت سەردانی ئێران دەکات، سەردانەکەشی یەک رۆژ دەخایێنێت.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە سەرۆکایەتیى کۆماری عێراقەوە دەستى کەوتووە، رۆژی شەممە 29ى نیسانى 2023 لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق بە یاوەریى شاندێک سەردانى ئێران دەکات.
 
لەو سەردانە یەک رۆژییەدا هەریەک لە وەزیرانى دەرەوە، کارەبا، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو یاوەریى سەرۆککۆمار دەکەن. ئەوەش جگە لە دوو لە راوێژکارانى سەرۆکایەتیى کۆمار.
 
یەکەم جارە لەتیف رەشید سەردانى ئێران بکات لەدواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆککۆمار لە 13ى تشرینى یەکەمى 2022.
 
رۆژی 24ى نیسانى 2023 وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئەو سەردانە چاوەڕوانکراوەى ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئەو پرسە لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیى نێوان فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیرى دەرەوەى ئێران تاوتوێ کراوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت پرسی ئاو، پەیوەندیى بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران و گۆڕانى کەشوهەوا دیارترین ئەو پرسانە بن کە لەو سەردانەدا باس بکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە