رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، تێڕوانینى خۆیان گەیاندووەتە ئیدارەى نوێى سووریا و رێز لە ئیرادەی سووریاییەکان دەگرن. هەروەها رەتیکردەوە دەسەڵاتى پێشووی سووریا داواى دەستوردانى سەربازییان لێکردبن.
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، رێز لە ئیرادەى سووریاییەکان دەگرن و خواستیانە پرۆسەیەکى سیاسى گشتگیر لەو وڵاتە بێتە ئاراوە.
سوودانی گوتی: "تێڕوانینى خۆمان لە بارەى دۆخى ئێستاى سووریا گەیاندووەتە ئیدارەى نوێى ئەو وڵاتە و پەرۆشین بۆ ئەوەى لەبارەى پاراستنى سنوور هاوئاهەنگیمان لەگەڵ سووریا هەبێت."
رۆژی 26ـی کانوونى یەکەمى 2024، شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی عێراق لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی حکومەتی نوێی سووریا کۆبووەوە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "شاندی عێراقی گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سووریا و پێداویستییەکانی ئاسایش و سەقامگیری لە سنوورە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و سووریایان لەگەڵ ئیدارەی نوێ تاوتوێ کردووە."
سەرۆکوەزیرانى عێراق هۆشدارى دا لەوەى هەر کێشەیەک لە گرتووخانەکانى سووریا رووبدات "ناچاریان دەکات رووبەڕووى تیرۆر ببنەوە".
رۆژی 8ـی کانوونى یەکەمى 2024، دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا و ئەسەد بەرەو رووسیا هەڵات.
محەممەد شیاع سوودانى لە چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دەسەڵاتى بەشار ئەسەد داوایان لە عێراق نەکردووە دەستوەردانى سەربازى بکات" هەروەها رەتیکردەووە ماهر ئەسەد، براى بەشار ئەسەد لە دواى رووخانى دەسەڵاتى پێشوو پەنای بۆ عێراق هێنابێت.
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک میدیا وا بڵاوکراوەتەوە کە ماهیر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێسووی سووریا، لە خاکی عێراق بێت، دڵنیایی دەدەین لەوەی سەرجەم ئەو هەواڵانە راست نین و هیچ بنەمایەکیان نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ