رووداو دیجیتاڵ
رێگەیەک لە دیوانییە بە رێگەی مەرگ ناسراوە. خەڵکی دیوانییە بەو شێوەیە ناوی دەهێنن، هەر بۆیە شۆفێران زۆر بە وریاییەوە شۆفێری دەکەن لە ترسی رووداوی هاتووچۆ، رێگەکە شوێن و پەڕینەوە و پردی پەڕینەوەی پیادەی لێ نییە، تەنانەت هێماکانی هاتووچۆش لە رێگەکەدا دانەنراون، هەر بۆیە مەترسی لە هەموو لایەکەوە دەوری شۆفێرانی داوە.
رەحیم جوبەیر، هاووڵاتییەکی دیوانییەیە و دەڵێت، "لەو رێگەیە ماوە ماوە کەسێک گیان لەدەستدەدات، کە زۆربەیان قوتابین، ئەگەر پردێکی پەڕینەوەی پیادەی لێبوایە، ئەو خەڵکە نەدەبوونە قوربانی، بۆیە کەسوکاری قوتابییان دێن بۆ ئەوەی ئاگاداری منداڵەکانیان بن لە کاتی پەڕینەوەیان."
زیا محەممەد، خاوەنی خواردنگەیەکە و باس لەوە دەکات، "زۆر جار هاوکاریی قوتابیان دەکەم بۆ پەڕینەوە لە شەقامەکە، ئێواران، بەیانیان رووداوی هاتووچۆ لەو شەقامە روودەدەن، رێگەکە مەترسیدارە، تەنانەت خواردنگەکەی منیش کە کەوتووەتە سەر رێگەکە."
رووداوەکان تەنیا لەو رێگەیە مەترسیدار نین، بەڵکو مەترسیدارترن لەنێو دیوانیە، هەروەک بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگاکە مانگانە دەیان رووداوی هاتووچۆ لەو رێگەیە تۆماردەکات، کە بەهۆی ئەو رووداوانە مردن و برینداربوونی دەیان کەسی لێدەکەوێتەوە، بەرپرسانیش بەدوای لێکۆڵینەوە و رێگەیەک دەگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکان.
عەمید سادق هیلالی، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای دیوانییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مانگانە 30 بۆ 35 رووداوی هاتووچۆ لەو رێگەیە تۆماردەکرێن، زۆربەیان نابنە هۆی گیانلەدەستدان، بەڵام ئەگەر یەک کەسیش بەهۆی ئەو رووداوانە گیان لەدەستبدات، خەسارەتێکی گەورەیە بۆ وڵات، رووداوەکانیش لەو مانگانەی رێورەسمی ئایینی تێدا بەڕێوەدەچن زیاتر دەبن، ئەوەش لە ئەنجامی ماندووبوون و فشاری سەر شوفێران."
رێگەکانی پارێزگاکە پێویستییان بە پێداچوونەوە و گۆڕانکاری لە پلانی هاتووچۆ کۆنەکان هەیە، بۆ ئەوەی لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و ئۆتۆمبێل یەکبگرێتەوە.
دەیان کەس لە رێگەی مەرگ وەک ناوی لێنراوە بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە، چەندین ساڵە رووداوی هاتووچۆ لەو رێگەیە روودەدەن بەبێ ئەوەی چارەسەرێکی بۆ دابنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ