عەممار حەکیم: بوونی رەوتی سەدر لە ناوەندی بڕیار گرنگە و دەرگەمان کراوەیە

27-08-2022
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عەممار حەکیم لە پەیامێکدا بۆ موقتەدا سەدر دەڵێت، "هێشتا بڕوامان وایە هەبوون و کاریگەریی برایانمان لە رەوتی سەدر لە ناوەندی بڕیار گرنگە"، هەروەها دەشڵێت، "دەرگەی خۆشەویستی و برایەتیمان هێشتا کراوەیە".
 
ئەمڕۆ شەممە 27-08-2022 عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە پەیامێکدا بۆ موقتەدا سەدر رایگەیاند، "ئێمە ئێستاش هەر رۆڵەی یەک نیشتمان، یەک مێژوو و یەک خێزانین، ناکرێت بۆچوونە جیاوازەکان و لێک تێکنەگەیشتن لە یەکمان جیا بکاتەوە و یەکگرتووییمان بە دەستی ئاژاوەگێڕ، نەزان و قین لەدڵان بپچڕێت". 
 
حەکیم لەبارەی هەڵوێستی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئێستاش لەگەڵ برایان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی باوەڕمان بە گرنگیی بەشداریکردنی رۆڵەکانی رەوتی سەدری هەیە لە ناوەندەکانی بڕیار و دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەویش نەک تەنیا بەپێی شایستەیی هەڵبژاردنیان، بەڵکو بەهۆی بوونی وزەو و ئەزموون و نیشتمانپەروەریی لەم رەوتەدا.
 
عەممار حەکیم دەڵێت، "ئێمە هیچ کاتێک پەیوەندیی برایانەمان لەگەڵ ئێوە بە کەم نەزانیوە، سەرەڕای پەرەسەندنە میدیاییەکان و ئەو هەڵسوکەوتە هەڵانەی کە لە دژی ئێمە و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەرکران و پەکخران".
 
زیاتر لە 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تێدەپەڕێت و هێشتا حکومەت پێکنەهێندراوە. بەپێی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، دەبوو سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیران راسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام تاوەکو ئێستا نە پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆککۆمارێکی هاوبەش رێککەوتوون، نە لایەنە شیعەکان لەسەر بەربژێرێک بۆ سەرۆکوەزیران رێککەوتوون.
 
رەوتی سەدر، پارتی و هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان هاوپەیمانیى رزگارکردنى نیشتمانییان پێکهێنا، بەڵام بەهۆی پێکهێنانی سێیەکی پەکخەر لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی و چەند لایەنێکی دیکە، ئەو هاوپەیمانییە نەیتوانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران هەڵبژێرێت.
 
دوای کشانەوەی رەوتی سەدر و پڕککردنەوەی زۆرینەی 73 کورسییەکەی بە بەربژێرەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاوکێشەکان گۆڕان، بەڵام بەهۆی خۆپێشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدرەوە لە ناوچەی سەوز و پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە لایەنەکان نەیانتوانیی سەرۆکوەزیران هەڵبژێرن.
 
دەقی پەیامەکەی عەممار حەکیم:
 
پەیامی خۆشەویستی و رێز ئاراستەی برامان بەڕێز موقتەدا سەدر و رۆڵەکانی رەوتی سەدری بەڕێز دەکەین و پێیان دەڵێین:
ئێمە ئێستاش هەر رۆڵەی یەک نیشتنمان یەک مێژوو و یەک خێزانین، ناکرێت بۆچوونە جیاوازەکان و لێک تێێکنەگەیشتن لە یەکمان جیا بکاتەوە و یەکگرتووییمان بە دەستی فیتنەکارو نەزان و قین لەدڵان بپچڕێت. 
 
ئێمە هیچ کاتێک پەیوەندی برایانەمان لەگەڵ ئێوە بە کەم نەزانیوە، سەرەڕای پەرەسەندنە میدیاییەکان و ئەو هەڵسوکەوتە هەڵانەی کە لە دژی ئێمە و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەرکران و پەکخران.
 
ئێمە لەگەڵ برایانی دیکەمان لە هێزە نیشتمانییەکان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە ئەوان یەکەمین لایەن بوون تاوەکو رازیتان بکەن بۆ ئەوەی لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن پاشگەز ببنەوە، یەکەمین لایەنیش بوون بەبۆنەی سەرکەوتنتان پیرۆزباییان لێکردن و یەکەم لایەنیش بوون کە پاڵپشتی پرۆژەی زۆرینەی نیشتمانییان کرد بە مەرجی پاراستنی پێگەی گەورەترین پێکهاتەی کۆمەڵایەتی.
 
ساڵانێکی دوورو درێژە لە چەندین بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ئێمە هاوپەیمانین، دەتوانین رێز لە جیاوازی بۆچوونەکانمان بگرین و پێشمانوانییە ئەمە هۆکار بێت بۆ دروستبوونی هەر گرژی و تۆمەتێک و گومانێک.
 
ئێستاش لەگەڵ برایان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی باوەڕمان بە گرنگیی بەشداریکردنی رۆڵەکانی رەوتی سەدری هەیە لە ناوەندەکانی بڕیار و دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەویش نەک تەنیا بەپێی شایستەیی هەڵبژاردنیان، بەڵکو بەهۆی بوونی وزەو و ئەزموون و نیشتمانپەروەریی لەم رەوتەدا.
 
ئەوەی لە براکانمەوە دەیزانم لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەوەیە کە ئەوان ئەوپەڕی هەوڵیان داوە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی نیشتمانی و یەکڕیزی گەورەترین پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و هاوبەشی راستەقینە لە بڕیارداندا، هەر بۆیە دەرگای خۆشەویستی و برایەتی بە کراوەیی دەمێنێتەوە، دەکرێت نەخشەڕێگایەک بێتە پێشەوە کە جێگەی رەزامەندی هەمووان بێت، بەرژەوەندی نەتەوەیی وەک ئامانجێک وەربگیرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە