رووداو دیجیتاڵ
دوو پزیشکى ددان بە تۆمەتى هاوردەکردن و چاندنى مادەى هۆشبەرى ماریوانا سزادراون، کە یەکێکیان لە ماڵى نەنکى شەتڵى ئەو مادەیەى چاندووە و ئەوى دیکەیان ماددەکەى بەسەر پزیشکاندا دابەشکردووە.
بەگوێرەى بڵاوکراوەى مانگانەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق، چەند پۆستێکى تایبەت بە یارى منداڵان لە دەرەوەى وڵاتەوە بۆ کەسێک هاتوون، بەڵام دوای پشکنینی لەلایەن لیژنەیەکى تایبەتمەندیى وەزارەتى پەیوەندییەکان، دەرکەوتووە بڕى 645 گرام لە شەتڵى مادەى هۆشبەرى ماریوانای تێدا بووە.
ئەو شەتڵانەى ماریوانا نێردراون بۆ کەسێک کە پزیشکى ددان بووە لە بەغدا و دانى بەوەداناوە، لە هۆڵەنداوە بۆى هاتووە و جگە لەوە لە چەند وڵاتێکى دیکەشەوە ئەو مادەیەى بەشێوەى پۆست هێناوە.
بەگوێرەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، ئەو پزیشکەى ددان شەتڵى مادەى هۆشبەرى ماریواناى لە ماڵى نەنکى چاندووە و بە خێوەت دایپۆشیوە.
لەسەر هەمان دۆسیە، پزیشکێکى دیکەى ددان لە ناوچەى بابولموعەزەمى بەغدا دەستگیرکراوە، کە 53 گرام مادەى هۆشبەرى ماریواناى پێگیراوە و هەندێکیانى خستووەتە نێو جگەرەوە.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، تۆمەتبارى دووەم دانى بەوەدا ناوە، مادەى هۆشبەرى بە پزیشکانى ددان فرۆشتووە.
تۆمەتبارى یەکەم سزاى بەندکردنى تاهەتایی دراوە و تۆمەتیارى دووەمیش بە 15 ساڵ بەندکردن، سزادراوە.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆى عێراق؛ لە هەشت مانگى رابردوودا زیاتر لە 10 هەزار کەس لەسەر دۆسیەى بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ