دادگەی فیدراڵی سکاڵای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای 40 رۆژ دواخست

27-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی فیدراڵی سکاڵای تایبەت بە پابەندکردنی حکومەتی عێراق بە دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ 40 رۆژ دواخست، یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی سکاڵاکەی تۆمار کردووە، دەڵێت: "پێشبینی دەکەین لە بەرژەوەندیی سکاڵاکانمان بڕیار بدرێت."
 
بە گوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی رۆژی چوارشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2024، دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەکی کردووە، کە لەلایەن پەرلەمانتاران باسم خەشان و مستەفا سەنەدەوە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکراوە، دوای تاوتوێکردن بڕیاری دواخستنی سکاڵاکەی بۆ رۆژی 5ـی مانگی ئابی ئەم ساڵ دا.
 
سکاڵاکاران داوا لە دادگەکە دەکەن مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە نایاسایی بزانێت و ئەو هێزانە پابەندبکرێت بە گێڕانەوەی ئەو ناوچە و دامەزراوانەی لە دوای کۆتاییهاتنی رێککەوتنی لەگەڵ عێراق بەکاریدەهێنێت، ئەو زیانانەش قەربووبکاتەوە کە لەو ماوەیەدا لە 1ـی کانوونی دووەمی 2009ـەوە بەهۆی ئەو بەکارهێنانەوە بەر عێراق کەوتووە.
 
باسم خەشان، کە یەکێکە لەو دوو پەرلەمانتارەی سکاڵاکەی تۆمارکردووە، بە رووداو-ی گوت: "گەشبینین دادگە بڕیار لە بەرژەوەندیی سکاڵاکەمان بدات، چونکە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پێچەوانەی یاسا و دەستوورە."
 
باسی لەوەشکردووە: "عێراق پێویستی بەو هێزانە نییە چونکە زیان بە شکۆ و سەرەوەریی عێراق دەگەیێنن."
 
لە ساڵی 2003، هێزەکانی ئەمریکا هاتنە عێراقەوە و کۆتاییان بە دەسەڵاتی سەدام حوسێن هێنا؛ لە ساڵی 2011 بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق کشانەوە؛ لە ساڵی 2014 بۆ یارمەتیدانی عێراق لە شەڕی دژی داعش گەڕانەوە عێراق.
 
لەساڵی 2008، ئەمریکا و عێراق رێککەوتنێکیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد، دیارترین بڕگەکانی بریتی بوو لە کشانەوەی هێزەکانی شەڕکەری ئەمریکا لە شار و شارۆچکەکان لە 30ـی حوزەیرانی 2009 تێنەپەڕێنێت.
 
داواکاریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لەلایەن بەشێک لە گرووپە چەکدارییەکانی شیعە و لایەنە سیاسییەکانیشیان نوێ نییە، بەڵام لە دوای هێرشەکەی حەماس لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر بووە. 
 
هەرچەندە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 10ـی حوزەیرانی 2014 و لە دوای هێرشەکانی داعش لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتوونەتە عێراقەوە، ئێستا گفتوگۆکانی نێوان لیژنەیەکی سەربازیی دوو قۆڵیی باڵاش بۆ ئەو مەبەستە دەستیپێکردووە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە