رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى ئامارەى رێکخراوى راسد بۆ پاڵشتیى دەستپاکى، 20٪ـى کارەباى خانووەکانى عێراق لەپشت پێوەرى کارەباوە راکێشراون بۆ ئەوەى پارەکەى هەژمار نەکرێت. "80٪ـى خانووە نوێکانیش دوو بۆریى ئاو رادەکێشن و یەکێکیان دەخرێتە سەر پێوەر."
عەبدولڕەزاق سوڵتانى، سەرۆکى رێخراوى راسد بۆ پاڵشتیى دەستپاکى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەگوێرەى روپێوییەکانیان 20٪ـى ئەو کارەبایەى لە پارێزگاکانى عێراق بۆ خانووەکان راکێشراون لەپشت پێوەرى کارەباوە براون بۆ ئەوەى پارەکەى نەخوێنێتەوە.
عەبدولرەزاق سوڵتانى گوتیشى: "پێوەرى کارەباى خانووەکانى عێراق زیرەک نین و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى حەفتا و هەشتاکان کە دەتوانرێت خاو بکرێتەوە."
بەگوێرەى ئامارەى وەزارەتى کارەباى عێراق، زیاتر لە 40٪ـى کارەباى نیشتمانى بەهۆى کێشە لە تۆڕەکانى گواستنەوە بەهەدەر دەچێت.
سەرۆکى رێکخراوى راسد بۆ پاڵپشتى دەستپاکى گوتى: "80٪ـى ئەو خانووانەى تازە دروستکراون، کارەبایان ناچێتە نێو پێوەر و دوو بۆریى ئاویشیان بۆ رادەکێشرێت کە یەکێکیان دەچێتە نێو پێوەرەوە، بەڵام کار بەوەى دیکەیان دەکرێت."
لە رۆژانى ئاساییدا عێراق رۆژانە پێویستى بە 22 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام لە وەرزى گەرمادا بەکارهێنانى رۆژانە دەگاتە زیاتر لە 34 هەزار مێگاوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ