رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، لەماوەی 6 مانگی رابردوودا پشکنینمان بۆ چەندین گرتووخانە کردووە و 721 مۆبایل و 350 سیمکارت دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی عێراق و بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی کە دەست دەزگاکەمان کەوتوون؛ توانیمان هەوڵێکی بە قاچاخ بردنی مادەی هۆشبەر بۆ نێو یەکێک لە گرتووخانەکان پووچەڵ بکەینەوە."
لەبارەی چۆنییەتی رووداوەکەوە دەزگاکە ئاماژە بەوە دەکات، "یەکێک لە کەسوکاری زیندانیکراوەکان مادەی هۆشبەری کردووەتە نێو پاکەتی جگەرەوە و هەوڵیداوە بیباتە نێو گرتووخانەکە، بەهۆی ئەو رێکارە تۆکمانەی لەنێو پرسگەی گرتووخانەکەدا دەگیرێنەبەر و لە رێگەی ئامێری تایبەتەوە توانرا مادە هۆشبەرەکە ئاشکرا بکرێت."
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی داد پشکنینیان بۆ 220 بەشی گرتووخانەکان کردووە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت، "لەو هەڵمەتانەدا 721 مۆبایل و 350 سیمکارت دەستیان بەسەردا گیراوە. ئەمە جگە لە دەستبەسەردا گرتنی کۆمەڵێک کەرەستەی بریندارکەر و نایاسایی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ