بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق: پۆستی پارێزگاری کەرکووک مافی تورکمانە

26-12-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
غەریب عەسکەر، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق.
غەریب عەسکەر، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
غەریب عەسکەر، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە نوێنەر و سەرکردەکانی تورکمانە لە عێراق، دەڵێت، "پۆستی پارێزگاری کەرکووک مافی تورکمانە".
 
غەریب عەسکەر رۆژی سێشەممە، 26-12-2023، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رووداو میوان بوو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، کە ئەنجامەکانیان بەدڵ نییە و پێیوابوو ئامێرەکانی دەنگدان بەشێک لە دەنگی دەنگدەرانی تورکمانیان نەخوێندووەتەوە و ئەوەش زیانی زۆری لێداون.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ غەریب عەسکەر:
 
رووداو: پێشتر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەت بەوەدابوو کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ نەتەوەی تورکمان کارەسات بوو، هەڵسەنگاندنت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان و ئەنجامەکانی تورکمان چۆنە؟
 
غەریب عەسکەر، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق: ئێوارە باش، دەنگتان زۆر نزمە... بەڵێ سەرەتا زۆر سوپاسی کەناڵەکەتان دەکەین، هیوای تەندروستیتان بۆ دەخوازین. سەبارەت بەم هەڵبژاردنە، بێگومان کەرکووک هەستیارە و بە دۆخێکی زۆر هەستیاردا دەڕوات. نەتەوەکانی دیکە ئەنجامی باشیان بەدەستهێنا، بەڵام بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی ئێمە بەردەوام بە تورکمانەکانمان راگەیاند کە ئەو هەڵبژاردنە زۆر گرنگە و بەتایبەتیش لە کەرکووک. هەروەک دەبینن لە کەرکووک دوو کورسیمان بردەوە، ئێمە بەردەوام بە گەلی خۆمانمان گوت بڕۆنە سەر سندووقەکان و دەنگ بدەن. جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر دەنگی زۆر و کورسیی زۆرمان هەبێت، دەتوانین باشتر داکۆکی لە مافەکانی تورکمان بکەین. داواش لە کۆمیسیۆن دەکەین رەچاوی ئەو کێشەیە بکات کە پەنجەمۆری بەشێکی زۆر لە دەنگدەرانمان نەیخوێندەوە. سەدان کەسمان بە دەست بەتاڵی گەڕانەوە و نەیانتوانی دەنگ بدەن. ئەوان هەموویان دەنگدەرانی تورکمان بوون و دەیانویست بە بەربژێرە تورکمانەکان بدەن. لە هەموو هەڵبژاردنیکدا ئەو کێشانە دروست دەبن و داوا لە کۆمیسیۆن دەکەن بە وردی سەرنجی ئەم خاڵە بدات. بەتایبەتی کەرکووک شارێکی تێکەڵە لە هەموو نەتەوەکان، بۆیە پێویستە کۆمیسیۆن هەنگاوی پێویست لەمبارەیەوە بنێت. هیچ نەبێت بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. بەڕاستی کەرکووک چیدی بەرگەی ئەو جۆرە دۆخانە ناگرێت. ئێمەش وەکو لیستی کەرکووکنا سکاڵامان لە دژی کۆمیسیۆن تۆمارکردووە. باسمان لەمانە کردووە. بۆچی زیاتر کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر بۆ تورکمانەکان هەبوو؟ سەدان کەس بە دەست بەتاڵی گەڕایەوە. 
 
رووداو: پێکهاتەکانی کورد و عەرەبیش گلەییان لە گرفتە تەکنیکییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن هەبوو، بەڵام جگە لەوە چ هۆکارێک وای کرد کە نەتەوەی تورکمان لەکۆی 16 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک تەنیا دوو کورسی بەدەستبهێنێت؟
 
غەریب عەسکەر: دەتوانین بڵێین کێشەی پاک و بێگەردیی هەڵبژاردن لە تەواوی عێراقدا 90٪ بوو. بەتایبەتیش لە کەرکووک. بەڵام کۆمیسیۆن لە بابەتی ئامێرەکاندا خیانەتی لە ئێمە کرد. ژمارەیەکی زۆر لە تورکمانەکانمان پەنجەمۆریان دەرنەچوو. تەنانەت بەشێکیان سێ، چوار جار رۆیشتنە بنکەکان بەڵام بێهودە بوو. جا بۆیە داوای روونکردنەوە لە کۆمیسیۆن دەکەین. با بڵێت و روونی بکاتەوە کە بۆچی پەنجەمۆری تورکمانەکان دەرنەچوو؟ کێشەکەش بە تایبەتی لەو ناوچانە بوو کە زۆرینە تورکمانن. واتا ئەوانە بوون کە هەمیشە دەنگ بە تورکمانەکان دەدەن. بەداخەوە کە ئەمە روویدا. ئێمە بەردەوامیش ئاگاداری نەتەوەی خۆمانمان کردەوە کە بڕۆنە سەر سندووقەکان و دەنگ بدەن. بەداخەوە تورکمانەکان بە رێژەی 40٪ بەشدارییان لە دەنگدانەکەدا کرد. کەچی نەتەوەکانی دیکە بە رێژەی سەروو 50٪ بەشدارییان کرد و چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. 
 
رووداو: رێژەی کورسییەکانی تورکمان 12٪ی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووکە، رێژەی راستەقینەی تورکمان وەکو پێکهاتە لە کەرکووک چەندە؟
 
غەریب عەسکەر: تکایە پرسیارەکە دووبارە بکەنەوە، دەنگەکە زۆر نزمە! ئێمە لە کەرکووک وەکو تورکمان نزیکەی 200 هەزار دەنگمان هەیە. لەوانەیە بە جیاوازییەکی کەم زیاتر یان کەمتر بێت. دەتوانین بپرسین کە بۆچی دەنگی تورکمانە لە کەرکووک کەمە؟ بێگومان جیاوازی هەیە لە نێوان پێش ساڵی 2003 و دوای ساڵی 2003. رژێمی ستەمکار بەردەوام تورکمانەکانی دەستگیردەکرد و سزای دەدان و دەیخستنە زیندانەوە. هیچ هەلێکی کار بۆ ئەوان نەبوو. تەنانەت نەیاندەتوانی ئۆتۆمبیل بخەنە سەر ناوی خۆیان. بەسێکی زۆریان کۆچیان کرد و چوونە دەرەوەی عێراق. هەروەها دوای ساڵی 2003 گەنجانمان بەهۆی بێکارییەوە کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کرد. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش ئەوان نەیانتوانی بگەرێنەوە، بەهۆی کار و پابەندییەوە لەو شوێنەی لێی دەژین، نەیانتوانی بگەڕێنەوە کەرکووک. بەڵێ دەنگەکانی تورکیان لە کەرکووک کەم بوون. ئێمە هەمیشە باسمان لەوە کردووە و زەقمان کردووەتەوە کە ستەمێکی زۆر لەسەر تورکمانەکان هەیە. هەروەها لە یاسای هەڵبژاردنیش کە دەنگمان لەسەری دا، جەختمان لەسەر بڕگەی 4 کردەوە کە کەرکووک بە هەڵبژاردن یەکلایی نابێتەوە، لە کەرکووک نەتەوەی جیاواز هەن کە تورکمان، عيرەب و کوردن. هەروەها کریستان هەن. جا بۆ ئەمڕۆ ئێمە وەکو کوتلە سیاسییە تورکمانەکان داوا دەکەین رێژەی 32٪ جێبەجێ بکرێت. من داوای جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە دەکەم، چونکە ئەو حکومەتانەی پێشتر هاتن و حوکمیان کرد، ستەمی زۆریان لە تورکمان کرد. پێویستە ئەمە رەچاو بکرێت کە تورکمانەکانی دەرەوە، ئەوانەی کۆچیان کردووە، ناتوانن لەو شوێنەی لێی دەژین، بگەڕێنەوە و دەنگ بدەن. بابەتی کەرکووک جیاوازە و هیچ هاوکێشەکانی ناگۆڕێن. هەڵبژاردن شتێک نییە ئەمانە بگۆڕێت. ئێمە بە یاساش کارمان لەسەر ئەمە کردووە و بە واژۆی برا عەرەب و کوردەکانمان چووەتە واری جێبەجێکردن. 
 
رووداو: بەرەی تورکمانی داوادەکات ئەمجارە پارێزگاری کەرکووک لە نەتەوەی تورکمان بێت پشتگیریی ئەم داواکارییە دەکەن؟
 
غەریب عەسکەر: تەنیا بەرە ئەمەی داوا نەکردووە! ئەمە داواکاریی تەواوی تورکمانەکانە. ئێمەش بە برا عەرەب و برا کوردەکانمان دەڵێین کە هەردوولا ماوەیەک پارێزگاریان هەبوو و شارەکەیان بەڕێوەبرد. دەمانەوێ ئەمجارە بوار بە تورکمانیش بدرێت. با بزانین برا تورکمانەکانتان چۆن شارەکە بەڕێوەدەبەن؟ ئێمە لە نێو خۆماندا لەسەر ئەمە رێککەوتووین و هەموومان دەمانەوێت ئەمجارە پارێزگار تورکمان بێت. پەنا بەخوا لێرە کاریشی لەسەر دەکەین. لە بەغداش قسەمان لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان کردووە. ئەمە مافێکی خۆمانە کە پارێزگاری ئەمجارەی کەرکووک تورکمانێک بێت. 
 
رووداو: ئەم داواکارییە تاکو چەند واقیعییە بەراورد بە ژمارەی کورسییەکانی تورکمان، لەکاتێکدا کورد و عەرەبیش داوای پۆستی پارێزگار دەکەن؟
 
غەریب عەسکەر: من پێشتریش باسم کرد، کەرکووک لە یاسای هەڵبژاردنیشدا بە شێوەیەکی تایبەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و لە بڕگەی چواری یاساکەدا ئاماژەی پێدراوە. بە هیچ جۆرێک هەڵبژاردنەکان چارەنووسی کەرکووک دیاری ناکەن.  شارێکی فرەنەتەوەیە و تورکمانیش یەکێک لە نەتەوە بنەماییەکانە. دەکرێت کوتلە و پارتە سیاسییەکان لەگەڵ یەکدی دیالۆگ بکەن و بگەنە رێککەوتن. ئەگەر هیچ لایەنێک لەگەڵ تورکمان نەگاتە رێککەوتن، ئەوکات هیچ لایەنێک ناتوانێت لەخۆیەوە ئیدارەی ئەنجوومەنی پارێزگا پێکبهێنێت. چونکە تورکمانەکانیش هەڵوێستی خۆیان هەیە لەم بابەتەدا. جگە لەوەش داواکاریی ئێمە و بەرەش ئەوەیە کە پارێزگار تورکمان بێت.
 
رووداو: ئەگەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک بدرێت بە تورکمان، چ گرەنتییەک دەدەن بە پێکهاتەکانی کورد و عەرەب لە دووبارەنەبوونەوەی کێشەکانی ئێستا؟
 
غەریب عەسکەر: کاتێک ئەمە دەڵێین، دەبێت بزانین کە پێویستە لەسەر مێزێکی دیالۆگ کۆببینەوە و رێکبکەوین. هەموو ئەمانە پێویستیان بە رێککەوتنە. سەبارەت بەوەی چۆن گرەنتی بە هەمووان دەدرێت، ئێمە وەک تورکمانەکانی عێراق و بەتیایبەتیش تورکمانەکانی کەرکووک، هیچ کاتێک نەمانویستووە مافی هیچ کەسێک زەوت بکەین یان مافی ئەوانی دیکە بخۆین. هەمیشە ویستوومانە مافەکانی خاوەن ماف بە خۆیان بدرێتەوە. هیچ کاتێکیش نیازی ئەوەمان نییە دەستدرێژی بکەینە سەر مافی نەتەوەکانی دیکە. بابەتێکمان هەیە، هەروەک ئێوەش باستان لێوەکرد، ئەویش زەوییە کشتوکاڵییەکانن. ئەمە ئێستا نییە و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دەگەڕێتەوە. ئەوکات تورکمانەکان بە ستەم لە ناوچەکانیان دەرکران و لە گوندەکانیانەوە راگوێزران بۆ شوێنی دیکە. گوندەکانیان خاپوور کرا و راگوێزرانە ناوچەکانی دیکە. لە پارێزگاکانی دیکەشدا لە ژێر چاودێریدا بوون. ئەوە بوو دوای ساڵی 2003 هەمووان گەڕانەوە سەر زەوی و ماڵی خۆیان. ئەگەرچی ئیمە تەواوی کێشەکانمان چارەسەر نەکردووە، ئەوە نەبێت کە ئەوان گەڕانەوە سەر زەوییەکانیان. ئێمە پرۆژەیاسایەکیشمان هەیە کە پەنابەخوا دوای ئەم پشووە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەخرێتە دەنگدان. ئەویش هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (قیادە سەورە)یە. هەرکە ئەو بڕیارە خرایە بواری جێبەجێکردن، ئەوکاتە تەواوی برا کورد و تورکمانەکانمان دەگەڕێنەوە سەر زەوییەکانی خۆیان. ئەو برا عەرەبەکانیش کە پێشتە هێنراونەتە ئەوێ، با لەلایەن حکومەتەوە لە شوێنی دیکە قەرەبوو بکرێنەوە و بۆخۆیان بڕۆنە ناوچەی دیکە. بۆ ئەوەی هیچ کەسێک چاوی لە زەوی و زاری ئەوانی دیکە نەبێت و ستەم نەکات. 
 
رووداو: لایەنە کوردستانییەکان دەڵێن لە 6 ساڵی رابردوودا جۆرێکی نوێی 'تەعریب' لە کەرکووک پیادە دەکرێت، وەکو تورکمان ئێوە پێتانوایە 'تەعریب' 
لە کەرکووک بە شێوازێکی نوێ دەکرێت؟
 
غەریب عەسکەر: لەڕاستیدا ئێمە هەمیشە باسمان لەوە کردووە و قسەی لەسەر دەکەین. هەرکاتێک ئیدارەی خۆجێی کەرکووک لە دەستی لایەنیک بێت، زیاتر کار بۆ ئەو لایەنە دەکرێت. کەمتر گرنگی بە نەتەوەکانی دیکە دەدرێت. ئێمە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر، کاتێک حوکم کەوتە دەستی برا عەرەبەکان و راکان جبوری بووە پارێزگار، بێگومان هاوکاریی ژمارەیەکی زۆر لە برا عەرەبەکانی کرد. بینیتان بەداخەوە لە ناوچە تورکمانییەکان چی روویدا. هەورەبانەکانیان رووخا، لەکاتێکدا ئەو شوێنانە هەر لە ئەزەلەوە تورکمان نشین بوون. ئێمە دەمانەوێت لە کەرکووک حکومەتێکی خۆجێی دابمەزرێت. ئەویش بە هاوپەیمانیی لایەنەکان، بەتایبەتیش نەتەوەی تورکمان کە بەردەوام ستەمدیدە بووە. ستەمی زۆری بینی و ماڵ و سامانی زۆر لەدەستدا. ئێستاش هەر لە ژێر گوشاردایە و خانووەکانی دەڕووخێندرێن، جا لە تسعین بێت یان لە شوێنەکانی دیکەی کەرکووک بێت. تەنانەت ئێستاش چەندین کێشە لەسەر بابەتی زەوییە کشتوکاڵییەکان هەیە کە چارەسەر نەکراون. ئامادەی هەموو جۆرە دیالۆگێکین، ئێمە وەکو تورکمان هیچ کاتێکیش بەرامبەر نەتەوەکانی دیکە سازش لە ماف و شایستەییەکانی خۆمان ناکەین. هیچ کاتێکیش نامانەوێت مافی نەتەوەکانی دیکە بخۆین".
 
رووداو: قۆناخی دانوستاندن بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک بەرێگەوەیە، وەکو تورکمان هەستدەکەن لە کام هێز و لایەنانەوە نزیکن بۆ دانوستاندن و رێککەوتن؟
 
غەریب عەسکەر: چۆن واتا لە کێ نزیکین؟ مەبەستت حزبەکانە؟ ئێمە وەکو تورکمانەکان ناکۆکیمان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە. هەموویان برامانن بە پارت و لایەنەکانی کەرکووکەوە. لەگەڵ هیچ یەکیکیان کێشەمان نییە و ئامادەین لەگەڵ هەریەکەیان کۆببینەوە بۆ ئەوەی هەمووان ماف و شایستەیی خۆیان وەربگرن. پێموایە ماف بە ئەوانی دیکەش بدرێت بۆ ئەوەی هەوڵبدەن مافی خۆیان وەربگرن. نەتەوەی کورد و نەتەوەی عەرەب پێشتر بەڕێوەبردنیان تاقیکردەوە. با ئەمجارە ئەوە تاقیبکەنەوە و ببینن کە ئیدارەی تورکمان لە کەرکووک چۆن دەبێت. چونکە پێشتر برا کوردەکانمان و برا عەرەبەکانمان بەڕێوەیان برد. جا ئەگەر ئێمە هەموومان براین و بەرژەوەندیی کەرکووکمان دەوێت، ئەمجارە بە برا تورکمانەکان بڵێین کە ئەوان پارێزگاری کەرکووک دابنین. ئەوکات بەیەکەوە کاربکەن بۆ باشترکردنی دۆخی کەرکووک و باشتر بەڕێوەبردنی کەرکووک. بێگومان بەوجۆرە نەتەوەکان بەیەکەوە دەتوانن خزمەتێکی باشی کەرکووک بکەن. 
 
رووداو: پەیامتان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چییە؟

غەریب عەسکەر: لێرەوە بە برا کوردەکانم، برا عەرەبەکانم و برا تورکمانەکانم دەڵێم؛ هەر چ ناکۆکییەکمان هەیە با بیخەینە لاوە و هەموومان لە بەرژەوەندیی کەرکووک یەکبگرین. نا تەنیا پارتە کوردییەکان یان عەرەبەکان یانیش تورکمانەکان، بەڵکو تەواوی کەرکووکییەکان با لە بەرژەوەندیی کەرکووک لەسەر مێزێک کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن. ئەمە پەیامی منە بۆ تەواوی لایەنەکانی کەرکووک، نەوەک تەنیا یەکێتی و پارتی. ئەمە بۆ خاتری کێ؟ بێگومان بۆ خاتری خەڵک. 
 
رووداو: پێشنیازێک هەیە بۆ گەڕانەوەی دابەشکاریی 32٪ بە 32٪ی پۆستەکانی کەرکووک لەنێوان پێکهاتەکاندا، پێتانوایە ئەو جۆرە دابەشکارییە دەگەڕێتەوە؟
 
غەریب عەسکەر: ئێمە هەمیشە گوتوومانە و ئێستاش دەیڵێینەوە. لەپێناوی سەقامگیریی کەرکووک، لەپێناوی باشترکردنی ئیدارەی کەرکووک، با بین لەسەر رێژەی 32٪ کار بکەن و پۆستەکانیش هەر لەسەر ئەو رێژەیە دابەش بکەن. لە نێویدا هەریەک لە نەتەوەکانی کورد، عەرەب و تورکمان بتوانن مافی خۆیان لەو ریژەیە وەربرگرن. با لایەنەکان لە دیالۆگی بەردەوامدا بن. لەڕێی گفتوگۆ و دیالۆگەوە دەکرێت کێشەکانی کەرکووک چارەسەر ببن. بەغداش هەمان بۆچوونی هەیە. پێیوایە بۆ سەقامگیریی کەرکووک و ئارامیی خەڵکەکەی باشتر وایە رێژەی 32٪ بۆ هەر نەتەوەیەک جێبەجێ بکرێت. تەنانەت ئێمە لیژنەشمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە. برا عەرەب و برا کوردەکانمان، ئەوانەی ئێمە لە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی پێویستە 32٪ لە ئیدارەی کەرکووک جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەوەی شارەکە سەقامگیر بێت و ئاسایشی  پارێزراو بێت و ئاوەدان بکرێتەوە. 
 
رووداو: رێگریی چییە لەبەردەمی هاوپەیمانێتییەکی پتەو لەنێوان کورد و تورکمان لە کەرکووک، لەکاتێکدا هەردوو نەتەوەکە زۆرینەی کێشەکانیان هاوبەشن؟
 
غەریب عەسکەر: من پێموایە هەر چەند ناکۆکی و کێشە هەیە بخرێتە لاوە و هەمووان لە بەر خاتری کەرکووک کۆببنەوە. بەڵێ هیچ کێشەیەک لە نێو خەڵکدا نییە و وەکو برا دەژین. پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە نێوان کورد، عەرەب و تورکمان زۆر بەهێزە. کاتێک دەچیتە کۆڵانێک ، دەبینیت برایەکی تورکمان هەیە و دراوسێکەی کوردە. سوپاسگوزارین کە ناکۆکیی کۆمەڵایەتی نییە. پەنا بەخوا هەر رووشنادات و ئێمە رێگە بە شتێکی وەها نادەین. جا ئەگەر پارت و لایەنەکانیش کێشە و ناکۆکییان هەیە، با بیخەنە کەنارەوە و ئەمجارە بۆ خاتری کەرکووک کۆببنەوە. با حکومەتێکی خۆجێی پێکبهێنن کە تەواوی نەتەوەکان بتوانن بەشدار بن تێیدا. جگە لەمەش با رێژەی 32٪ لەسەر تەواوی کەرکووک جێبەجی بکەن. با بەیەکەوە خزمەتی شارەکە بکەن و خزمەتی خەڵکەکەی بکەن و خاوەنداریی پارێزگاکە بکەن. پارێزگاکەمان زۆر جوانە، کەرکووکمان زۆر جوانە و جوانییەکی تایبەتیشی ئەوەیە کە هەموو نەتەوەکانی لەخۆگرتووە. ئەو نەتەوانەش هەمووی وەکو برا لەگەڵ یەکدی دەژین. جا با خاوەنداریی ئەو جوانی و قەشەنگییە بکەن و لەسەر مێزێک کۆببنەوە. کەرکووک زیاتر بەرەوپێش ببەن و پرۆژەی زیاتری بۆ دەستبخەن. هەروەها هەلیکار بۆ گەنجانی بڕەخسێنن. ئەگەر بە جددی نیازیان خزمەتکردنی کەرکووکە دەبێت تەواوی پارتەکان کۆببنەوە و رێکبکەون و خزمەت بکەن. ئێمەش هەمیشە ئامادەین بۆ رێککەوتنیکی وەها.
 
رووداو: سوپاس.
 
غەریب عەسکەر: ئێمەش زۆر سوپاستان دەکەین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.