رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای ڤیدیۆکە دیمەنی ئەو بارەگایەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل دەبینن کە لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کرا. بەهۆی بۆردوومانەکەوە چەکدارێک کوژرا و 18ـی دیکەش برینداربوون کە بە گوێرەی لێدوانە فەرمییەکان، لەنێویاندا خەڵکی سڤیل هەن.
بە دڵێکی پڕەوە، ئیحسان بەئامادەبوونی دەیان کەس لەبەردەم بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی، ماڵئاوایی لە دەرعی برای کرد بۆ دوا مەنزڵگەکەی، کە لە ئاکامی بەئامانجگرتنیان لەلایەن ئەمریکاوە کوژرابوو.
ئیحسان عامری گوتی، "ئەم برایەم لەپێناو نیشتمان شەهیدبوو، سەری ئێمەی بەرزکردووە."
ئامادەبووانی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە و سەرکردە سیاسییەکان، پێشێلکارییە چەندبارەبووەکەی سەر ئارامی و سەروەریی عێراقیان رەتدەکردەوە و داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و جێبەجێکردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراقیان بۆ وەدەرنانی ئەمریکییەکان دەکرد.
جەلیل جابری، شێخی ساداتی جابرییەکان دەڵێت: "نیشتمان و گەلی عێراق سەرکەوتوون، ئێمە رووی دەممان لە پەرلەمانە کە لەلایەن گەلی عێراقەوە هەڵبژێردراون، پێیان دەڵێین داگیرکەران وەدەربنێن، گەلی عێراق لەو کردەوە دووژمنکارانەیە ناڕازییە، دەبێت داوا لە ئەمریکا بکەن بەزووترین کات لە خاکی عێراق بچنەدەر، ئەگینا رۆژتان دێت لەلایەن گەلی عێراقەوە."
هاوکات، شێخ فازڵ ئەلغەزی، رێبەری عەقیدەیی لە حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەکرد، "کاتێک هێزی داگیرکەری ئەمریکا هێزە فەرمییەکانی دەکاتە ئامانج کە لەژێر فەرمانڕەوایی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە، ئەمەیان هۆشدارییەکی مەترسیدار و پێشێلکارییەکی ترسناکی سەروەریی وڵاتی عێراقە، دەبێت لەلایەن حکومەتەوە بەتووندی وەڵام بدرێتەوە، ئەمە جگە لە گوشاری جەماوەری لەپێناو کاراکردنی بڕیاری پەرلەمان بۆ وەدەرنانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق."
بۆردوومانەکەی ئەمریکا لە وەڵامی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی شیعە بوو بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق کە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 100 هێرش لە چارەکی کۆتایی ئەم ساڵدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ