وەزیری داد: وەزیرەکانی دیکەش پشتیوانیی کارمەندانی گرێبەست دەکەن و دۆسیەکە بەرەو چارەسەر دەڕوات

26-12-2022
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
خۆپێشاندانی کارمەندانی گرێبەست
خۆپێشاندانی کارمەندانی گرێبەست
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەختیار کەریم لە پێنجوێنەوە لەگەڵ هاوڕێکانی لە پارێزگای سلێمانییەوە خۆی گەیاندووەتە بەغدا، ئەو تەمەنی 50 ساڵی تێپەڕاندووە و 14 ساڵە لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق فەرمانبەرە بە گرێبەستی کاتی، لەگەڵ سێ هەزار فەرمانبەری دیکەی عێراق کە 1200یان کوردن و لە هەرێمی کوردستانن، ساڵانێکە داوا دەکەن بکرێنە گرێبەستی هەمیشەیی، بەڵام هەر دەستی دەستییان پێدەکرێت.
 
بەختیار بە رووداوی گوت، لەم رۆژەدا کە کەشوهەوا لەبار نەبووە و تەم و باران بووە، 11 کاژێر بە رێگەوە بووە تاوەکو لە پێنجوێنەوە گەیشتووەتە بەغدا بۆ ئەوەی داوای مافی خۆی بکات، "کەس نازانێت بۆ ئاوامان لێ دەکەن، هەر رۆژە و شتێک دەڵێن و دەستی دەستیمان پێ دەکەن، هەر بەڵێن دەدەن و هیچیش."
 
لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق فەرمانبەرانی گرێبەستی کاتی لە بەردەم وەزارەتی دارایی عێراق گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەو هیوایەی ئەمجارە کاریگەریی هەبێت. 
 
یوسف ئەکرەم، کارمەندێکی دیکەی گرێبەستی کاتییە لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر و ئەویش رێگەی بەغدای گرتووەتە بەر، گوتی، "هەر نووسراو دەهێنن و دەبەن، ئەمڕۆ و سبەیمان پێدەکەن، ئەوە دوو ساڵ تێپەڕی، لەبەرئەوەی لە ساڵی 2021 پێش هەڵبژاردن بەڵێنیان دا کە کارەکەی ئێمە تەواو دەکرێت، چاوەڕوانی فەرمانی کارگێڕیمان دەکرد، لە 3-1 دەوام دەستیپێکردەوە، کاتێک چووینەوە دەوام، نووسراوی هەڵپەساردنی گرێبەستەکانیان بۆ ئێمە نارد." 
 
کامەران محەممەدیش هەر لە هەولێر کارمەندی کۆمیسیۆنە، دەڵێت، "بە خوا، بەخوا، یەک لەوانە کە من نوێنەری هەولێرم پارەم قەرزکردووە و هاتوومە بۆ ئێرە، زۆربەی ئەوانەی دیکەش حاڵی منیان هەیە، پارەیان قەرزکردووە تاوەکو بێنە ئێرە خۆپێشاندان بکەن." 
 
رووداو لەنێو خۆپێشاندەرانەوە پەیوەندی بە وەزیری دادی عێراقەوە کرد، بەو پێیەی بڕیارە رۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەسەر چارەنووسی گرێبەستەکان بکات، خالید شوانی لە رێگەی رووداوەوە بەڵێنیدا لەگەڵ وەزیرەکانی دیکە پشتیوانی لەو بابەتە بکەن و لە کۆبوونەوەکەدا بیخەنەڕوو.
 
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، "ئێستا دۆسییەکەیان لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانە، من دڵنیایان دەکەمەوە هەموو وەزیرەکانی دیکەش پاڵپشتییان دەکەین ئینشائەڵڵا، بەو ئاراستەیە دەڕوات کە کێشەکەیان چارەسەر بێت و ئەو بڕیارە دەربچێت. پێویستی بەوە نەدەکرد ئەو زەحمەتە بکێشن بێن بۆ بەغدا، لەبەرئەوەی ئەوەندی من لەگەڵ وەزیرەکانیش قسەم کردووە لەسەر ئەم بابەتە و هاوسۆزییەکی زۆریان هەیە لەگەڵیان." 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 26-12-2022 بەردەم وەزارەتەکانی دارایی، خوێندنی باڵا، ناوچەی سەوزی بەغدا سێ خۆپێشاندانی تێدا بەڕێوەچوون، هەمووان گرێبەستی وەزارەتەکان بوون و داوایان دەکرد بکرێنە هەمیشەیی.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە