'دزیی سەدە' رێکخراوى شەفافیەتی نێودەوڵەتی دەباتە بەغدا

26-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دۆسیەى "دزیى سەدە" جارێکى دیکە بە دەرکەوتنى "پاڵەوانەکەى" لە عێراق گەرم دەبێتەوە. بەگوتەى سەرۆکى رێکخراوێکى تایبەت بە بنبڕکردنى گەندەڵى، نوور زوهێر، تۆمەتبارى سەرەکیی دۆسیەکە، وای لێکراوە بەشدارە گەورەکانى ئەو دۆسیەى گەندەڵییە بشارێتەوە.
 
زۆرینەى دۆسیەکانى گەندەڵى لەنێو رەفەکانى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانی عێراق لەسەر دوو وەزارەتن. لە کۆى 13 پێوەرى رێکخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى، عێراق بە پێنجیان چووەتە ریزبەندى 154 ەمین گەندەڵترین وڵاتانى جیهان. بڕیارە مانگى داهاتوو رێکخراوەکە کۆنگرەیەکى نێودەوڵەتى لە بەغدا بۆ بنبڕکردنى گەندەڵى ببەستێت.
 
نوور زوهێر، خاوەنى کۆمپانیاى قانیت و تۆمەتبارى سەرەکیی دۆسیەى بردنى پارەى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیى باجى عێراق، بۆ یەکەم جار لەدواى ئاشکرابوونى ئەو دۆسیەیە لە میدیاوە دەرکەوت؛ ئەو دۆسیەی کە بە "دزیى سەدە" ناسراوە و ئەو پارەیەى تێیدا براوە 3.7  تریلیۆن دینارى تێپەڕاندووە.
 
نوور زوهێر کە لەلایەن حەیدەر حەنوون، سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى عێراق بە "پاڵەوانى" ئەو دۆسیەیە ناوى دەبرێت، چیرۆکى رووداوەکەى بەو جۆرە گێڕایەوە کە تەنیا کڕیارى چەکە بانکییەکان بووە و ئاگادارى وردەکاریى ئەوە نەبووە کە چۆن بەڵگەنامەى فەرمى بەنایاسایی بۆ بردنى ئەو پارانە دەرکراوە.   
 
محەممەد روبەیعی، سەرۆکى دامەزراوەى نەهرەین بۆ پاڵپشتى لە شەفافیەت لە بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق دا گوتى، "نوور زوهێر قوربانیی ئەوانى دیکە نییە، بەڵکو تۆمەتبارەکانى دیکە لە رێگەى میدیاوە کارێکى وایان کردووە کە بەرپرسیارێتى تەواوى دۆسیەکە بخەنە ئەستۆى نوور زوهێر."
 
نوور زوهێری 44 ساڵ، ناوى نوور موزەفەرە، خەڵکى بەسرەیە، چوار منداڵى هەیە، لە ساڵى 2000ـەوە کارى بازرگانی کردووە. نوور تاوەکو 2010 گرێبەستى لەگەڵ وەزارەتى بازرگانیى عێراق هەبوو لە بواری دابینکردنی بەشە خۆراکی مانگانە.
 
لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو دۆسیەیە وایکردووە بڕى ئەو پارەیە زیاد بکات کە پێشتر وا راگەیێندرا کە براوە.
 
زۆریى قەبارەى گەندەڵى لە عێراق وایکردووە، بە گوێرەى دوایین راپۆرتى رێکخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى، عێراق لە ریزبەندی 154 ەمین وڵات بێت لە کۆى 180 وڵاتى پۆلێنکراو. 
 
سەرۆکى دامەزراوەى نەهرەین بۆ پاڵپشتى لە شەفافیەت گوتى، "لە ساڵى 2003ەوە بە گوێرەى لێکۆڵینەوەیەک کە رێکخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى کردوویەتى، عێراق یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لەنێوان 25% بۆ 40% ى پارەى بودجەکەى دەبردرێت."
 
جگە لە گەورەیی قەبارەى دۆسیەکانى گەندەڵى، شێوازى سپیکردنەوەی پارە و بردنە دەرەوە، لە کێشەکانى دیکەی بەردەم بنبڕکردنى ئەو دیاردەیەیە. ئێستا پەرلەمانى عێراق دەیەوێت لە رێگەى یاسایەکەوە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە.
 
کەریم شوکر، جێگرى سەرۆکى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق) رایگەیاند، زۆرترین دۆسیەکانى گەندەڵى کە لە بەردەستیاندایە لەسەر وەزارەتەکانى تەندروستى و کارەبان؛ سپیکردنەوەى پارەى گەندەڵیش ئاشکراکردنى ئەستەم کردووە. 
 
دەستەى دەستپاکى، دیوانى چاودێریى دارایی، پشکنەرانى گشتى کە لە وەزارەتەکانن، پەرلەمان داواکارى گشتى هەن کە کاریان دەچێتە چوارچێوەى بنبڕکردنى گەندەڵی و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانى، بەڵام ئەو دیاردەیە هێشتا لەلایەن حکومەتەوە بە مەترسیدارتر لە تیرۆر ناودەبردرێت. 
 
سەرۆکى دامەزراوەى نەهرەین بۆ پاڵپشتى لە شەفافیەت گوتى، "بڕیارە مانگى داهاتوو بەغدا میوانداریى کۆنگرەیەکى نێودەوڵەتیى رێکخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى بە هەموو لقە نێودەوڵەتییەکانیەوە بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە