بە مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار

26-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنیی عێراق و ئەمریکا رایگەیاندووە شەوی رابردوو بە ژمارەیەک مووشەک هێرشکراوەتە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی شەڕی دژ بە داعشی تێدایە، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
بەپێی ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنیی عێراقی و ئەمریکی کە قسەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس  کردووە، رایانگەیاندووە، هێرشەکە بە چوار مووشەک یان بە سێ مووشەک و درۆنێک کراوە.
 
بەرپرسێکی ئەمنیی عێراق رایگەیاندووە، چوار مووشەک لە دەورووبەری بنکەکە کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی نەبووە، بەڵام بەرپرسێکی ئەمنیی ئەمریکا، بە مەرجی ناونەهێنانی بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە: "بە سێ مووشەک و درۆنێک هێرشەکە کراوە، بەڵام مووشەکەکان و درۆنەکە لە دەورووبەری بنکەکە کەوتوونەتە خوارەوە."
 
بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکانی هێزە ئەمنییەکان ئەو هێرشە هیچ زیانێکی گیانی یان دارایی نەبووە، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکیش بە فەرمی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە.
 
هێرشەکە دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە 48 کاژێر بەسەر کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان ئەمریکا و عێراق تایبەت بە پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بوو.
 
گرووپە چەکدارە شیعەکان کە پێشتر ئەو جۆرە هێرشانەیان لە ئەستۆ دەگرت، تاوەکو ئێستا بەرپرسیارێتیی خۆیان لەو هێرشە رانەگەیاندووە.
 
لەگەڵ هێرشەکەی عێراق، ژمارەیەک سەرچاوەی نزیک لە گرووپەکانی بەناو "مقاوەمەی ئیسلامی" رایانگەیاند هێرشیان کردووەتە سەر کێڵگەی کێڵگەی گازی کۆنیکۆ لە پارێزگای دێرەزووری سووریا.
 
رۆژی چوارشەممە 24-07-2024، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند "لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە واشنتن، دووەمین کۆبوونەوەی دیالۆگی هاریکاریی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان ئەمریکا و عێراقیان بەڕێوەبرد. دوو وەزیرەکە پابەندبوونی خۆیان بە هاوکاریی ئەمنیی و بەرژەوەندیی هاوبەشیان لە سەقامگیریی ناوچەکە دووپاتکردەوە."
 
شاندی عێراق پێشنیازی ئەوەی بۆ لایەنی ئەمریکی هەیە کە لە ئەیلوولی ئەم ساڵەوە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستپێبکات و تاوەکو ئەیلوولی 2025 تەواوی هێزەکانی بکشێنەوە، بەڵام ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیی ئەمریکا دەمێننەوە.
 
ئەمریکا دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە عێراق هەن و ئەوانیش لە سێ بنکەی سەربازی عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیرکراون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە