چەکدارانی داعش موختاری گوندێک دەکوژن

26-04-2021
هەڵۆ محەممەد
هەڵۆ محەممەد
نیشانەکردن داعش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 10:30 چەند چەکدارێکی نەناسراو موختاری گوندی قایە دەکوژن، مقەدەم شەماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ بە رووداوی راگەیاند، "چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە ماڵی موختاری گوندەکە و کوشتوویانە، دواتر ماڵەکەشیان سووتاندووە".
 
موختاری ئەو گوندە ناوی شاکر مەحموود بووە و بە بنەچە عەرەبە. دوای کوشتنیشی چەکدارەکان ماڵەکەیان سووتاندووە و هەڵاتوون. 
 
پێشتر لەم مانگەدا چەکدارانی داعش چوار سەربازیان بەناوەکانی ئیحسان قەحتان حەمزە، ئەحمەد حسێن عەباس، عەلی حسێن عەراک کوشت، هەروەها سەربازێکی دیکەش بە ناوی حوسێن هادی جاسم لەکاتی دابەزین لە ئۆتۆمبێلەکەی بەقەناس بریندار دەکرێت، فیشەک بەر سەری دەکەوێت و گیانی لەدەستدا.
 
لەبارەی جموجوڵی چەکدارانی داعشەوە ئەمڕۆ لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "چەکدارانی داعش زیاتر لە ناوچەکانی نێوان دیالە، کفری و کەرکووکدا جموجووڵیان زۆرە، ئەوەیش لەبەر بۆشایی ئەمنی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندایە کە تاوەکو ئێستا ئەو لیژنە هاوبەشانەی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دروستکراون نەیانتوانیوە وەکو پێویست کارەکانیان بکەن. حکومەتی عێراق ئامادە نەبووە کە رێگە بدات هێزە هاوبەشەکان کارەکانیان بکەن کە ئەوەیش زیاتر مەبەستێکی سیاسیی لە پشتە."
 
چەند مانگێکە جموجووڵی چەکدارانی داعش لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق زیادیان کردووە، نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا لە سنووری قەزای خورماتوو، چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر بنکەیەکی سوپای عێراق و بەهۆیەوە سەربازێک کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
 
بە هۆی چەکدارانی داعش لە سنووری کەرکووک چەندین گوندی کوردی چۆڵ بوون و تاوەکو دێت مەترسیی چۆڵکردنی گوندە کوردنشینەکان زیاتر دەبێت.
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە بەشێک لە ناوچە دابڕێنراوەکان دەگاتە 40 کیلۆمەتر.
 
بەپێی ئەو ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە لە سێ ساڵی رابردوودا تەنیا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان داعش 970 هێرشی کردووە کە بەم شێوەیەیە:
 
ساڵی 2018 : 456 هێرش کە بووەتە هۆی کوژران، برینداربوون و رفاندنی 1742 کەس.
ساڵی 2019: 270 هێرش کە بووەتە هۆی کوژران، برینداربوون و رفاندنی 1260 کەس.
ساڵی 2020: 230 هێرش کە بووەتە هۆی کوژران، برینداربوون و رفاندنی  812 کەس.
مانگی 1ی ئەمساڵی 2021: نزیکەی 14 هێرش و 150 کوژراو و بریندار.
 
دوای هێرشەکانی داعش و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە لە ساڵی 2014، ئاسایشی سنووری خورماتوو ئاسایی نەبووەتەوە، تەنیا ئەو ماوەیە نەبێت کە پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری2017، پێشمەرگە ناوچەکەی دەپاراست. دوای نەمانی پێشمەرگە لە ناوچەکە، جارێکی دیکە داعش دەستی بە جموجۆڵ کردووەتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە