رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لەم هەفتەیەدا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رابگەیێنێت. نزیکەی 300 سکاڵاش لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تۆمارکراون و هیچیان سوور نین.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی یەکشەممە 24-12-2023 بە رووداوی راگەیاند، "لە رۆژی یەکشەممە 24-12-2023 ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان بۆ سندووقە کێشەدارەکان دەخرێتە نێو ئەنجامەکانی دیکەی کۆمیسیۆنەوە، کە وەکو ئەنجامی بەرایی راگەیێندرابوو. پاش ئەو قۆناخەش دەست بە چاوخشاندنەوە بە سکاڵاکانی تایبەت بە ئەنجامی هەڵبژاردن دەکەین، کە نزیکەی 300 سکاڵان و هیچیان لە جۆری سوور نین، بەڵکو هەموویان لە جۆری سەوز و زەردن. ئەو سکاڵایانە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێیاندا دەچنەوە."
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن رەتی کردەوە ئەمڕۆ و سبەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رابگەیێندرێت و دەڵێت، "جارێ لە قۆناخی یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکانین، هەرچەندە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نابێت." پێشبینیش دەکات ئەم هەفتەیە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رابگەیێندرێت، دوای ئەوەی پرۆسەی تۆمارکردنی ئەنجامەکانی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان و سکاڵاکان کۆتایی دێت.
سێشەممەی رابردوو 19-12-2023 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی 94.4%ی دەنگە جیاکراوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی راگەیاند، پاشان لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینیی رابردوو 21 و 22ی مانگ دەنگی سندووقە کێشەدارەکانی راگەیاند، کە بە کۆی گشتی 5.6%ی کۆی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو. ئەو سندووقە کێشە لەسەرانەی دەنگەکانیان بە دەستی جیاکرانەوە ژمارەیان 1758 سندووق بوو.
عیماد جەمیل لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن دەڵێت، "لەم هەفتەیەدا ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێنین بۆ براوەی هەموو کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە 275 کورسین، لەگەڵ 10 کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ