رووداو دیجیتاڵ
دوو تۆڕ لە بەسرە دەستگیرکران کە مامەڵەى خانەنشینی مردوویان ساختەکردووە و خستوویانەتە سەر ناوى کەسانى دیکە بۆ ئەوەى مووچەکانیان وەربگرن.
ئەو تۆڕانە لەلایەن دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق دەستگیرکراون، ئەمڕۆ دووشەممە، 24ى حوزەیران لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەزگایە وردەکارییەکەى بڵاوکردەوە.
بە گوێرەى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى، ئەو دوو تۆڕە مامەڵەى خانەنشینی مردوویان ساختەکردووە و گۆڕیویانە بۆ سەر ناوى کەسانی زیندوو، بۆ ئەوەى لە برى ئەوان مووچە وەربگرن.
هەردوو تۆڕەکە لە بەسرە دەستگیرکران لە پێنج کەس پێکهاتوون، یەکێکیان ژنێکى بەتەمەنە و فەرمانبەرى حکومیشیان لە نێودا بووە، ئاسایشى نیشتمانى دەڵێت: "چەندین ساڵە ئەو کارەیان کردووە".
ئەندامانى ئەو تۆڕانە مامەڵەى خانەنشینی ئەو کەسانەیان ساختەکردووە کە مردوون و (کى کارد)ى وەرگرتنى مووچەیان بۆ دروست کردوون، تاوەکو کەسانى دیکە لە برى ئەوان مووچەکانیان وەربگرن.
ئاسایشى نیشتمانى دەڵێت: "لە کاتى دەستگیرکردنى ئەندامانى ئەو باندانە ژمارەیەک کى کارد و ناسنامەى خانشینى مامەڵەى هاووڵاتییان دەستیان بەسەردا گیراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ