گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەی لەنێوچوون لە ئاژەڵەکانی گەورەترین زۆنگاوەکانی عێراق دەکات

25-06-2023
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
مەترسیی لەنێوچوونی ئاژەڵەکانی زۆنگاوی حەممار
مەترسیی لەنێوچوونی ئاژەڵەکانی زۆنگاوی حەممار
نیشانەکردن حەممار گۆڕانی کەشوهەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پیسبوون و نزمبوونی ئاستی ئاوی زۆنگاو حەممار، کە یەکێکە لە گەورەترین زۆنگاوەکانی عێراق، وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵەکانی نێوی لەنێوبچن، لەوانەش کیسەڵ و ماسیییەکان، کە بەشێکیان لە جۆرە دەگمەنەکانی عێراق و جیهانن و ژمارەیان لەکەمبوونەوەدایە.
 
زۆنگاوی ‌حەممار، دەکەوێتە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق، ساڵانێک لە دڵڕفێنترین زۆنگاوەکانی وڵاتەکە بوو، بەڵام ئێستا وا نەماوە؛ سوێربوون و پیسبوونی ئاوی زۆنگاوەکە بەشێکی دانیشتووانی ناوچەکەی ناچار کردووە ئەو شوێنە بەجێبهێڵن، ئەوانەشی ماونەتەوە داوای بەهاناوەچوون دەکەن.
 
د. زەینولعابدین جەعفەر، لێکۆڵەر و پسپۆڕ لەبواری ژینگەی زۆنگاوەکان، هەروەها مامۆستای زانکۆی نیشتمانیی ناسرییە دەڵێ "دابەزینی ئاستی ئاوی زۆنگاوەکان بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەی پیسەکەرەکانی ئاو و کەڵەکەبوونی مادە کانزاییە زیانبەخشتەکان، هەروەها زۆر بەکارهێنانی گازوایل و سووتەمەنی لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و راوچێیەکانەوە، بوونەتە هۆکار بۆ پیسبوونی ئاو و لەنێوچوونی فرەیی ژینگەیی و زیندەیی و، لەکۆتاییشدا بووەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی زۆری چەندین جۆر ئاژەڵی دەگمەن، لەوانە کیسەڵی فوراتی کە قەڵخانەکانیان نەرمە، جگە لەوەش سەگی ئۆراسی کە بەشێکیان تووشی ڤایرۆسی ترسناک بوونەتەوە".
 
جاسب محەممەد، یەکێک لە راوچییەکانی ماسی، کە ساڵانێکە بۆ دابینکردنی بژێوی ماڵباتەکەی پشت بەو پیشەیە دەبەستێت، ئێستا نیگەرانە لە دۆخی زۆنگاوەکە.
 
جاسب دەڵێ "پەیامم بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە؛ بەهۆی ئاوی سوێرەوە ئاژەڵەکان دەمرن، تەماشای ئەو ئاژەڵە بکە، کە بەهۆی ئاوی سوێرەوە چۆن نەخۆش کەوتووە و گیانی لەدەستداوە".
 
زۆنگاوەکان و گامێش دووانەیەکی دانەبڕاوی سرووشتی عێراقن، هەڕەشە ژینگەییەکان لەسەر زۆنگاوەکان، زیانی زۆری بە گامێشەکانیش گەیاندووە و ئێستا ئەوانەی گامێش بەخێودەکەن، مەترسی لەدەستدانی بەشێکی ئەو سامانەیان هەیە.
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای زیقار بۆ رووداو، ساڵی 2020 زیاتر لە 96 هەزار گامێش لە پارێزگاکەدا هەبوون، ئێستا ژمارەیان بۆ نزیکەی 78 کەمی کردووە.
 
عەدنان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی زۆنگاوەکانی پارێزگای زیقار دەڵێ "بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمیی بارانباراین و ئاستی ئاو، زۆر کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی رووبەری زۆنگاوەکان و کەمبوونەوەی ئاژەڵ و ماسی هەیە و هەڕەشە لەسەر بژێوی خەڵکیش دەکەن، پشکی ئاو زۆر کەمبووەتەوە و بەشی پێویستییەکان ناکات، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکان دەکەم، بێنە سەر هێڵ و بەشی ئاوی عێراق بگێڕنەوە بۆ پێشتر".
 
بەهۆی گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵییەوە، ساڵانێکە عێراق لەبەردەم هەڕەشەی لەدەستدانی بەشێک لە سامانی ئاژەڵی و ژینگەییدایە، بەهۆی کەمئاوییەوە کۆچکردن لە پارێزگاکانی باشوور بۆ ناوەڕاست و بەغدا و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە