تورکیا بۆ عێراق: نەوت بەرامبەر ئاو

24-04-2024
ئەحمەد حەمید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عێراق ئامادەیی دەربڕیوە نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو و کەمتر لە نرخی بازاڕی جیهانی بە تورکیا بفرۆشێت، لەبەرامبەر بەردانەوەی ئاوی زیاتر لەلایەن تورکیاوە.
 
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی "عێراق بە نرخێکی کەمتر لە نرخی جیهانی نەوت دەداتە تورکیا، لە بەرامبەردا تورکیا هاوکاری عێراق دەبێت لە بەردانەوەی ئاوی زیاتر."
 
گوتیشی: مافمان هەیە بەشە ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەربدرێتەوە و پێویستمان بە بەردانەوەی ئاوی زیاترە لەلایەن تورکیاوە.
 
لەبارەی گفتوگۆی نێوان ئەردۆغان و لەتیف رەشید لەسەر پرسی پەکەکە لە سلێمانی، هاوڕێ تۆفیق رایگەیاند "سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکرد؛ رێگە نادەن هیچ هێزێک لە خاکی عێراقەوە ببێتە مەترسی بۆ سەر خاکی تورکیا، بەڵام دەبێت تورکیا رێز لە سەروەریی عێراق بگرێت و هێرش نەکاتە سەری."
 
سەرۆککۆماری عێراق جەختیکردووەتەوە لەوەی ئەوان دژی تیرۆرن، بەڵام لەبارەی هەندێک بابەتی دیکە بۆچوونی جیاوازی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا هەبووە.
 
هاوڕێ تۆفیق کە یەکێک بوو لە بەشدارانی کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی سەرۆککۆماری عێراق و تورکیا باس نەکراوە.
 
ئەو بەرپرسەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەشڵێت "سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیاسایەکی نوێی نەوت و گاز ئامادە دەکات و زەوینەسازی بۆ دەکرێت."
 
ئەردۆغان، دووشەممە (22-4-2024) گەیشتە بەغدا، 26 رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە سەردانەکەیدا لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کران.
 
دوای 13 ساڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە کۆمەڵێک دۆسیەوە جارێکی دیکە سەردانی بە‌غدای کرد و گوتی "باسمان لە هەنگاوی هاوبەش کرد لەدژی رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکە و گرووپەکانی دیکە کە لە خاکی عێراقەوە، تورکیا دەکەنە ئامانج."
 
هەروەها رایگەیاند "ناساندنی پەکەکە وەکو رێکخراوی قەدەخەکراو لە عێراق، لەلایەن ئێمەوە بە سوپاسگوزارییەوە پێشوازیی لێکرا. باوەڕی بەهێزم هەیە کە ئەگەر بە فەرمی بە تیرۆریست بناسرێت، لە کەمترین ماوەدا لە خاکی عێراق نامێنێت و ئەمەم بە هاوتاکەم راگەیاند."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق.

فوئاد حوسێن: داعش لە سووریا چەکى نوێى دەستکەوتووە

وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، خوازیارن پرۆسەیەکى سیاسی لە سووریا بونیاد بنرێت کە بەرهەمى گەلى سووریا بێت؛ "رێکخراوى داعش لە سووریا گەشەى کردووە و چەکى نوێی دەست کەوتووە."