وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ئەنقەرە دەکات

14 خولەک له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە چەکدارەکەی سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای توساشی کرد و هاوخەمیی بۆ قوربانیانی هێرشەکە دەربڕی. 
 
ئەمشەو (23ـی تشرینی یەکەمی 2024)، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەهۆی هێرشەکەی سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگریی ئاسمانی (توساش) لە ئەنقەرە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد کە بووه هۆی کوژرانی پێنج کەس و برینداربوونی 22 کەسی دیکە.  
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا هاوسۆزی عێراقی بۆ حکومەت و گەلی تورکیا دەربڕی و رایگەیاند، "هاوخەمی گەلی تورکیا و کەسوکاری قوربانیانین. پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خێزانەکانی قوربانییەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، "هەڵوێستمان جێگیر و نەگۆڕە؛ هەموو جۆرە تووندوتیژی و تیرۆرێک رەتدەکەینەوە، کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتان دەکات. پێداگری لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەکەینەوە لە پرسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە." 
 
کاژێر 15:16ـی ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە) دوو چەکدار بۆمبێکیان لە دەروازەی کۆمەڵگەی دامەزراوەکانی کۆمپانیای توساش تەقاندەوە و دواتر دوو چەکدار کە یەکێکیان پیاو و دووەمیان ژن بوو، هێرشێکی چەکدارییان کردە سەر دامەزراوەکە.
 
دوای رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ دوو چەکدارەکە، هەردووکیان کوژران و لە بەرامبەردا پێنج کەس کوژران و 22 کەس برینداربوون کە حەوتیان پۆلیس بوون. سێ لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە و لە نەخۆشخانەکانی ئەنقەرە چارەسەر دەکرێن. 
 
لەبارەی ناسنامەی هێرشکارەکان، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، تیمێکی تایبەت لێکۆڵینەوە لە ناسنامەکانیان دەکات، بە ئاشکرابوونیان ناوەکانیان و ئەو رێکخراوە تیرۆریستانەی لە پشت رووداوەکەدن، بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکەن. 
 
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا باسی لەوەکرد هەشت داواکاری گشتیی کۆمارییان راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە. 
 
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، تۆمەتەکەی خستە پاڵ پەکەکە و بە رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی راگەیاند، دوو هێندە و زیاتر وەڵامی پەکەکە دەدەنەوە. 
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، لە ئامەدەوە گەشتە پێنج رۆژییەکەی بۆ پێنج پارێزگای باکووری کوردستان هەڵوەشاندەوە و گەڕایەوە ئەنقەرە و رایگەیاند، نەفرەت لە تیرۆر دەکەن لە هەر شوێنێک و هەر لایەنێک بێت. 
 
سەزایی تەمەللی، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتیش لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، کارێکی تێکدەرانە و گێرەشێوێنییە، کاتەکەشی مایەی گومان و هەڵوەستە لەسەرکردنە. 
 
توساش، کۆمپانیایەکی پشکدارە و سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە؛ سیستمی بۆشایی ئاسمان، مانگی دەستکرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر بەرهەمدەهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە