وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 69 کارگە لە بەغدا داخراون

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
69 کارگە لە بەغدا داخراون و گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، مەرجی سەلامەتیی ژینگەیان نەبووە.
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رۆژی چوارشەممە 23-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 15ی ئەم مانگەوە دەرخستە بۆ 97 کارگە کراوە؛ 69یان بەهۆی سەرپێچیکردنی مەرجەکانی سەلامەتیی ژینگەوە داخراون کە کارگەی خشت و پیشەسازیی جۆراوجۆرن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، ئەو کارگانە پابەند بە مەرجەکانی ژینگە کراون و پێیان گوتراوە، نابێت نەوتی رەش بەکاربێنن و دووکەڵ دەربدەن.
 
میقداد میری گوتی، ئەو کارە بە هاوکاری وەزارەتی ژینگە کراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پۆلیس هەڵمەتەکانی لە شوێنەکانی کۆکردنەوە و لەنێوبردنی خۆڵ و خاشاک زیاترکردووە بۆ رێگری لە سووتاندنیان.
 
میقداد میری رۆژی 16-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاریداوە سەرجەم ئەو کارگانەی خشت لە بەغدا دابخرێن کە بێ مۆڵەتن، لەگەڵ قەدەخەکردنی سووتاندنی خۆڵ و خاشاک.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی، وەزیر هێزە ئەمنییەکانی بۆ ئەو کارە راسپاردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە