عەلی عەلاق داوا لە بانکی ناوەندیی تورکیا دەکات هەژمار بۆ بانکە عێراقییەکان بکەنەوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
هەردوو بانکى ناوەندیى عێراق و تورکیا گفتوگۆ لە بارەى گرتنەبەرى میکانیزمى نوێ دەکەن بۆ حەواڵەى بازرگانى نێوانیان؛ عەلى عەلاق هانى تورکیاى دا هەژمارى بانکەکانى عێراق لەو وڵاتە بکاتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ى تشرینى دووەم، عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق لە شارى ئیستەنبوڵ لەگەڵ فاتیح کەرەهان، سەرۆکى بانکى ناوەندیى تورکیا کۆبووەوە.
 
بە گوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانى بانکى ناوەندیى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى گرتنەبەرى میکانیزمى نوێیان کردووە بۆ  حەواڵەى بازرگانى نێوان عێراق و تورکیا، وەک دەستپێکى قۆناخێکى نوێ لە بەهێزکردنى پەیوەندى بانکیى نێوانیان.
 
عەلى عەلاق، هانى بانکە تورکییەکانى داوە بۆ ئەوەى هەژمارى بانکە عێراقییەکان بکەنەوە بۆ فراوانکردنى دەرچەکانى پارەدان بۆ هاوردەکردنى کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە رێگەى تورکیاوە. 
 
3ى تشرینى یەکەم ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوان عێراق و تورکیا بە دراوى یۆرۆ دەستىپێکرد، بە گوێرەى ئەو هەنگاوە بازرگانانى عێراق دەتوانن بە یۆرۆ مامەڵەى بازرگانی لەگەڵ تورکیا بکەن لەبرى دۆلار، بەڵام ئەو مامەڵانەیان دەبێت لە رێگەى لقى بانکە تورکییەکانەوە بێت لە عێراق.
 
پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق رایگەیاند: بانکى ناوەندیی تورکیا پاڵپشتیکارى هەنگاوەکانى بانکەکەیەتى بۆ رێکخستنى مامەڵە داراییەکانى نێوان هەردوو وڵات، بۆ ئەوەى مامەڵە بازرگانییەکان ئاسان بکرێت.
 
بانکى ناوەندیى عێراق یۆرۆ بە بانکە تورکییەکان دەفرۆشێت و ئەوانیش بە بازرگانانى عێراقى دەفرۆشنەوە بۆ کارى بازرگانیى، بەهاکەى بەرامبەر بە بەهاى فەرمى دۆلار دەبێت کە لە بانکى ناوەندى دەفرۆشرێت کە 1305 دینارە بەرامبەر بە یەک دۆلار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە